نێچیرڤان بارزانی چاڵێنجی "یەک ملیۆن دەنگ بۆ پارتی" دەباتە سلێمانی


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی دەچێتە سلێمانی و لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێک پێشكێش دەکات. 

ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بڕیارە ئەمڕۆ پارتی کەرنەڤاڵێکی جەماوەری لە سنووری بازنەی سلێمانی بۆ ناساندنی بەربژێرانی ساز بکات. 
 
ساناو فەرەیدوون گوتی، کەرناڤاڵەکە لەدوای کاژێر 2:00ـی دوای نیوەڕۆ دەستپێدەکات، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشدار دەبێت و گوتارێک پێشکێش دەکات. 
 
درووشمی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان)ـە. نێچیرڤان بارزانی چاڵنجێکی راگەیاندووە کە کۆکردنەوەی یەک ملیۆن دەنگە بۆ پارتی و بڕیارە ئەمڕۆش چاڵێنجەکەی بگەیێنێتە دەنگدەرانی ئەو حیزبە لە سلێمانی. 
 
ئەمە یەکەم کەرنەڤاڵی جەماوەریی پارتییە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا کە لە بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە سازی بکات.