ئەنجوومەنی مامۆستایانی سنە داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای دوو مامۆستای جوانڕۆ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی قوتابخانەی پارێزگای سنە لە راگەیێندراوێکدا رەخنە لە سزادانی دوو مامۆستای قوتابخانە لە شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشان دەگرێ و داوا دەکات، رێگە بەو مامۆستایانە بدرێ بگەڕێنەوە ئەو قوتابخانەیەی تێیدا بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر بوون.
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای سنە لە راگەیێندراوەکەیدا کە رۆژی 02-11-2025 بڵاویکردووەتەوە دەڵێ، زەیتون کەهزادی و مێهری خوسرەویزادە، بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەی کچانەی فیردۆس لە شاری جوانڕۆ بەهۆی رێگەدان و گوتنەوەی سروودێک تایبەت بە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە سزادراون و لەو قوتابخانەیە لابراون و پۆستی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەیان لێوەرگیراوەتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە ناوەندەکانی کولتووری و زانکۆکانی ئێراندا یادی هەڵەبجە دەکرێتەوە و رێگریکردن لە یادکردنەوەی ئەو تاوانە لە قوتابخانەکان نیشانەیەکە لە ناوشیاریی بەرامبەر بەها کولتووری و مرۆییەکان.
ئەو ئەنجوومەنە داوا دەکات، رێگە بدرێ ئەو دوو مامۆستایە بگەڕێنەوە قوتابخانەی فیردۆس و بەو پلەی هەیانبووە خزمەتی قوتابییان و پەروەردە بکەن.
تۆڕی میدیایی رووداو لە 25-10-2025 بڵاویکردەوە، فەرمانگەی پەروەردەی شاری جوانڕۆ زەیتون کەهزادی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی فیرۆدس و مێهری خوسرەویزادە، جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی سزاداوە بەهۆی ئەوەی لەو قوتابخانەیەدا سروودێک لەلایەن قوتابییانەوە گوتراوەتەوە بۆ یادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە. زەیتوون کەهزادی لە پۆستی بەڕێوەبەری قوتابخانە لادراوە و پلەی مامۆستایەتیی مێهری خوسرەویزادەش پلەیەک کەمکراوەتەوە.
لە 13ـی ئاداری 2025، قوتابییانی قوتابخانەی فیردۆسی بە هاوڕێیەتیی مامۆستا مێهری خوسرەوی زادە بە یادی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە سروودی 'رێی خەبات'یان گوتەوە و سروودەکە لە بڵندگۆی قوتابخانەشەوە لێدرا. ڤیدیۆکە بەخێرایی بڵاوبووەوە و دەنگدانەوەی زۆری لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوو.