وەزارەتی ناوخۆ خولی راهێنانی شۆفێری بۆ نیڤشکانان دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خولی فێربوون و راهێنانی شۆفێری بۆ نیڤشکانان دەکاتەوە؛ سەرۆکی ناوەندی تۆتاڵیش دەڵێت، "یەکەم جارە خولێکی ئاوها بکرێتەوە؛ نابیست و کورتەباڵاکانیش سوودمەند دەبن."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی 11ی 2025، عەقید موحسین شەمزینی، گوتەبێژی هاتووچۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی گوت: "بە مەبەستی چارەسەركردنی ئاستەنگەكانی بەردەم نابیستان، كورتەباڵا و خاوەن پێداویستیی تایبەت بۆ دەرهێنانی مۆلەتی شۆفێری، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خولێکی راهێنان بۆ راهێنەران دەکاتەوە؛ هەر کەسێک ئارەزووی بکات، دەتوانێت لەو خولە بەشدار ببێت و لە داهاتوودا راهێنان بە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بکات."
 
بە گوتەی گوتەبێژی هاتووچۆی سۆران، نووسینگەی پشتیوان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ ئەم مەبەستە دیاریكراوە و لەگەڵ ناوەندی تۆتاڵ هاوئاهەنگ دەبن.
 
نەجات نەجم، بەڕێوەبەری ناوەندی تۆتاڵ بۆ راهێنان و هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی هاتووچۆ لە هەولێر بە رووداوی گوت: "یەکەم جارە خولێکی لەو جۆرە بکرێتەوە؛ خولەکە وەرزییە و سێ مانگ جارێک دەکرێتەوە."
 
بەڕێوەبەری ناوەندی تۆتاڵ روونیکردەوە، خولەکە بەسەرپەرشتیی هاتووچۆی گشتیی هەرێمی کوردستانە، ئەو کەسانەی لە لیژنەی پزیشکی پەسند دەکرێن، بە گوێرەی راپۆرتی پزیشکی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری خولەکە بکەن؛ هاوکات نابیست و کورتەباڵاکانیش سوودمەند دەبن.
 
پێشتر هیچ خولێک بۆ کەسانی نابیست نەکراوەتەوە تاوەکو فێری شۆفێری بکرێن و بتوانن بەفەرمی مۆڵەتی شۆفێری دەربکەن؛ نەجات نەجم دەڵێت، "یەکەم جارە خول بۆ نابیستان دەکرێتەوە و مامۆستای زمانی ئاماژەیان بۆ دابینکراوە و فێر دەکرێن."
 
لەبارەی کورتەباڵاکانیشەوە، بەڕێوەبەری ناوەندی تۆتاڵ گوتی، "لەژێر سەرپەرشتیی سیستمی نوێی مۆڵەت، کورتەباڵاکان ئۆتۆمبێلی تایبەتیان بۆ ئامادەکراوە."