سەتان کەس لەوانەی ناویان بۆ حەج نووسیوە دوورخراونەتەوە؛ کەی تیروپشک دەکرێت؟


رووداو دیجیتاڵ

بڕیاربوو کۆتایی مانگی رابردوو تیروپشک بۆ ناوی ئەو کەسانە بکرێت، کە خۆیان تۆمارکردووە ساڵی داهاتوو بچنە حەج، بەڵام دواخرا. گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێت، کەموکورتی دۆسیەی پێشکێشکراوان هۆکاری دواخستنەکەیە. دەشڵێت، سەتان کەس بەهۆی داواکاریی دووبارە بۆچوونە حەج دوورخراونەتەوە.
 
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆسیەکان کێشەی زۆریان هەبوو، ناوی دووبارە، ژن و مێرد بەجیا، تەواونەکردنی مامەڵەکان تیروپشکیان دواخست، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەم مانگەدا ناوەکان رادەگەیێنین".
 
ناونووسینی مامۆستایانی ئایینیی وەکو سەرقافڵەی حاجییان، شاندەکانی وەزارەتی ئەوقاف، پزیشکان و ئەوانەی دەبێت لەگەڵ کاروانی زیاترەکاراندا بچنە حەج، هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنی تیروپشکی ناوەکان بووە.
 
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی: "هەوڵدەدەین نێوەڕاستی ئەم مانگە تیروپشک بکەین، یان رۆژەکەی دیاری بکەین، بەگشتی %100 لەم مانگەدا تیروپشکەکە دەکرێت".
 
کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەکرد، سەتان کەس لە کێبڕكێ بۆ چوونە حەج دوورخراونەتەوە، ئەویش بە هۆکاری ئەوەی پێشتر حەجیان کردووە.
 
زیاتر لە 90 هەزار داواکاریی بۆ چوونە حەجی ساڵی 2026 تۆمارکراوە و لەو ژمارەیە 5 هەزار و 125 کەس ناویان دەردەچێت.
 
ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار، ناونووسین بۆ حەج کرایە ئەلیکترۆنیی بێ بەرامبەر، پێشتر لەڕێگەی فۆرمی دەستییەوە دەکرا و هەرکەسێکیش دەبوو 25 هەزار دینار رسومات بدات.
 
ناونووسین بۆ چوونە حەج 11ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و کاژێر 12:00ـی شەوی 26ـی ئەیلوول کۆتایی هات.
 
پار لە 25-09-2024، تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، لە کۆی  120 هەزار کەس کە فۆرمیان پڕکردبووەوە، 5 هەزار و 125 کەس لە تیروپشکەکە ناویان دەرچوو.