هاونیشتمانییەکی ماوەت: کاژێر 07:00ـی ئێوارە تەرمی هاونیشتمانییەک و بریندارەکان دەهێندرێنەخوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە قایمقامی ماوەت دەڵێت، دوو هاونیشتمانی لە بۆردوومانی ئەمڕۆی گوندی قامیش لە سنوورەکەیان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هاونیشتمانییەکی دانیشتووی ناوچەکە دەڵێت، یەک کەس گیانی لەدەستداوە و بەهۆی سەختی شوێنی رووداوەکەوە، کاژێر 07:00ـی ئێوارە تەرمەکەی و بریندارەکان دەگەنە شوێنێک ئۆتۆمبێلی پێبگات.
لەبارەی دوایین ئامار و زانیارییەکانی بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی گوندی قامیش لە قەزای ماوەت، هاونیشتمانییەک بەناوی عەباس ئەحمەد بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداوی گوت، بەهۆی سەختیی شوێنەکەوە هاونیشتمانییەکان بە کۆڵ دەهێندرێنە خوارەوە و ئۆتۆمبێل ناتوانێت بگاتە شوێنەکە.
عەباس ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد کە یەک کەس لە بۆردوومانەکەدا گیانی لەدەستداوە کە تەمەنی نزیکەی 65 ساڵە و دۆخی بریندارەکانیش "باشە".
ئەو هاونیشتمانییە بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەو کەسانەدا قسەیکردووە کە بە هانای قوربانییەکانەوە چوون و دەڵێت، بۆردوومانەکە کاژێر 12:30 نیوەڕۆ بووە و دوای دوو کاژێر هاونیشتمانییان بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییەکان بەڕێکەوتوون و گوتوویانە بۆ کاژێر 07:00ـی ئێوارە دەگەنە شوێنێک کە ئۆتۆمبێلی پێبگات.
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئەو کەسانەی بەر بۆردوومانەکە کەوتوون خەڵکی گوندی قامیشن و بۆ راوکردن چوونەتە ناوچەکە؛ گوتیشی: "ئەو ناوچەیەی ئێمە پەکەکەی لێیە و هەربۆیە هەموو کاتێک جێگەی مەترسییە بۆ بۆردوومانکردن؛ بەردەوام گوێمان لە دەنگی فڕۆکەیە، بەتایبەت شەوان".
عباس ئەحمەد گوتیشی: "ئەوانەی گەیشتوونەتە ناوچەکە گوتوویانە شەش کەس بەر بۆردوومانەکە کەوتوون؛ کەسێک گیانی لەدەستداوە؛ سێ برینداریش هەن و دووکەسیش رزگاریان بووە".
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەکرد کە بەهۆی بەردەوامیی بۆردوومان و مەترسییەوە نەتوانراوە تیمی فڕۆکەوانی بنێردرێتە شوێنی رووداوەکە.
پێش ئەو هاونیشتمەنییە، کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، بۆردوومانی ناوچەیەک لە نزیک گوندی گەڵاڵە لە چیای ئاسۆس کرا و لەو کاتەشدا ژمارەیەک کەس لەوێ بوون. هێشتا دیارنییە بۆردوومانەکە لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە بووە یان درۆن"؛ گوتیشی، بەهۆی ئەو بۆردوومانەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا کە خەڵکی سڤیلن.
بەگوتەی قایمقامی ماوەت، لە بۆردوومانەکەدا کەسێک بێسەروشوێنە و تاوەکو ئێستا نازانرێت لە ژیاندا ماوە یان گیانی لەدەستداوە. گوتیشی، تیمەکانی تەندروستی و فریاکەوتن رەوانەی ئەو شوێنە کراون، بەڵام بەهۆی سەختیی شوێنەکەوە نەتوانراوە ئۆتۆمبێل بنێردرێتە شوێنەکە و روونیش نییە بۆردوومانەکە لەلایەن چی وڵاتێکەوە کراوە.