بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان: لەماوەی 11 مانگدا 2229 تۆمەتبارمان دەستگیرکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەماوەی 11 مانگی رابردوودا لە سنووری هەولێر و دهۆک دوو هەزار و 229 کەسیان بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکردووە. دەشڵێت، یاسای بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان کەموکورتی تێدایە و پێویستە هەمواربکرێتەوە.
عەمید حوسێن نامیق، بەڕێوەبەری گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە سەرتای ئەمساڵەوە لە 1-1-2022 تاوەکو 1-11-2022 و لەماوەی 11 مانگدا، دوو هەزار و 229 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە سنووری هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون و رووبەڕووی دادگە کراونەتەوە.
عەمید حوسێن نامیق گوتیشی، لەو ژمارەیەی کە دەستگیرکراون، 242 تۆمەتباریان کاری کڕین و فرۆشتنیان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە کردووە.
بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ماددەی هۆشبەری کریستاڵ زۆرترین بازرگانی پێوە دەکرێت، هەروەک ئەو کەسانەی دەستگیرکراون لە هەموو ئاستەکانی تەمەنەکاندان.
بە بڕاوی عەمید حوسێن نامیق، هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستاندا کێشەی تێدایە، "چونکە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان سێ قۆناخە و ئێمە لە قۆناخی یەکەم و سێیەم کێشەمان هەیە [قۆناخی یەکەم: هۆشیاری؛ قۆناخی دووەم: بەرەنگاربوونەوە و سزادان؛ قۆناخی سێیەم: چارەسەرکردن]."
بەڕێوەبەری گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، ئێستا وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ کردنەوەی چەند سەنتەرێکی چارەسەرکردن بۆ بەکارهێنەران و ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر.
عەمید حوسێن نامیق هەروەها گوتیشی، یاسای بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان کەموکورتی زۆری تێدایە و پێویستە ئەو یاسایە هەموواربکرێتەوە.