جەمال کۆچەر: بەپێی مادەی 71ـی یاسای بودجە، دەبێت کۆتایی بە دەسەڵاتی راکان جبووری بهێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، بەپێی مادەی 71 لە یاسای بودجە، دەبێت کۆتایی بە دەسەڵاتی راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک بهێندرێت.
جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە 02-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی مادەی 71 لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025، دەبێت کۆتایی بە دەسەڵاتی راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک بهێندرێت، چونکە لەسەرەتای مادەکەدا حکومەت پابەندکراوە تاوەکو 30-11-2023 کۆتایی بە بەڕێوەبردنی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت بەوەکالەت بێنێت. وشەی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت بەکارهێندراوە. پۆستی پارێزگاری کەرکووکیش یەکێک لەو پۆستانەی لە ساڵی 2017وە لەلایەن راکان جبووری بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێت".
لە مادەی 71ی یاسای بودجەدا هاتووە، "حکومەت پابەندە کە تاوەکو 30-11-2023 کۆتایی بە بەڕێوەبردنی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت بەوەکالەت بهێنێت، ئەگەرنا پێویستە فەرمانگە پەیوەندارەکان دەسەڵاتی دارایی و کارگێڕییان رابگرن. پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران 30 رۆژ پێش وادەی دیاریکراو ناوی راسپێردراون بۆ پۆستی سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان و پلەتایبەتەکان و بریکاری وەزارەت و راوێژکاران رەوانەی پەرلەمان بکات. پەرلەمانیش لەماوەی 30 رۆژی لەدوای رەوانەکردنی ناوەکان دەنگیان لەسەر بدات".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، رەنگە حکومەت بڕگەی یەکەمیان فەرامۆش کردبێت، بە پاساوی ئەوەی ناوی پۆستی پارێزگار نەهاتووە.
راکان جبووری لە دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بە وەکالەت پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەڕێوەدەبات.
رۆژی هەینی 01-12-2023، موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە مادەی 71ـی یاسای بودجەدا هاتووە کە حکومەتی عێراق ناچارە بە کۆتاییهێنان بە بەڕێوەبردنی پۆستەکانی حکومەتی عێراق بەوەکالەت. دەبێت لە رێككەوتی 30-11-2023ـەوە ئەم بابەتە کۆتایی بێت. دەبێت لەو رێککەوتەوە هەموو دەسەڵاتە کارگێڕی و شایستەکانیان لێ بسەندرێتەوە، ئەگەر لە پۆستەکەیان مانەوە".
موسەننا ئەمین گوتی، بەگوێرەی یاساکە دەبوو 30 رۆژ پێش کۆتاییهاتنی کاتەکە کە 30ـی مانگی رابردوو بوو، ناوەکانیان بنێردرایە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەریان، بەڵام دەنگیان لەسەر نەدراوە. بەگوێرەی ئەوەش لە 30ـی مانگی رابردووەوە هەموو دەسەڵاتەکانی بریکاری وەزارەت بە وەکالەت، بەڕێوەبەری دەستەکان بە وەکالەت کە 25 دەستەن، لەگەڵ راوێژکارەکان کە بەوەکالەتن، نامێنێت".
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو ئەو کەسانەی کە بریکاری وەزیر یان پۆستەکانی دیکەیان بەوەکالەت هەیە، چەند کوردێک هەن.
دیارترین ئەو پۆستانەی لەلایەن کوردەوە بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن، مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان و عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە پشکی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانن. بەگوتەی موسەننا ئەمین، تاوەکو پەرلەمان دەنگیان لەسەر نەدات، نابن بە بریکاری وەزارەت بە فەرمی.
موسەننا ئەمین دەڵێت، دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ناوی هەموو ئەو کەسانەی بریکاری وەزارەت یان بەڕێوەبەری دەستە یان راوێژکاربوون بەوەکالەت، بنێرێت بۆ پەرلەمانی عێراق و دوای دەنگدان لەسەریان دەسەڵاتەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە.