دوای پەسندکردنی ئەنجامی سەرژمێری، بەقەزاکردنی باشیک زیندوو دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەربەستی بەردەم بەقەزاکردنی باشیک لە نەینەوا نەما، کە پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری بوو. سەرۆکی لیژنەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، کار لەسەر بە قەزاکردنەکە دەکەن، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر 23 واژۆی ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ ئەو پرسە کۆکرابووەوە.
باشیک ناوچەیەکی کوردستانیی سنووری مادەی 140ی دەستوورە، پاساوی بەقەزانەکردنی ئەوە بووە کە ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری پەسند نەکراوە، تاوەکو ئێستا ناحیەیەکی سەر بە قەزای ناوەندی موسڵە.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئێستا پاساوەکە نەماوە و پرسی بەقەزاکردنی باشیک کارا دەکەینەوە."
لە 28ی ئەیلوولى 2025، محەممەد شەبەکی، ئەندامی کۆتای شەبەک لە ئەنجوومەنی پارێزگا لەگەڵ ویسام سالم، ئەندامی ئەنجوومەن لەسەر لیستی یەکێتی، 23 واژۆیان بۆ بەقەزاکردنی باشیک کۆکردەوە، بەڵام پاساوی دواخستنی ئەوە بووە کە سنووری کارگێڕیی ناحیەکان و گوندەکان بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی دانیشتووان لەبەردەست نییە.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری راگەیێنراوە، بەڵام بە نووسراوی فەرمی نەگەیشتووەتە نەینەوا و هەرکات گەیشت، ئەو پرسە زیندوو دەکەنەوە، چونکە هەر یەک لە ناوچەکانی حومەیدات، عوەینات و سادە لە نەینەواش داوا دەکەن ناوچەکانیان بکرێتە ناحیە.
26ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی پەسەند کرد، کە لە کۆتایی ساڵی 2024 کرا.
بەگوێرەی ئەو سەرژمێرییە، دانیشتووانی پارێزگای نەینەوا چوار ملیۆن و 261 هەزار و 980 کەسە، بەتەنیا قەزای ناوەندیی موسڵ دوو ملیۆن و 346 هەزار و 534 کەسە.