لە سلێمانی دوو کەس بە تۆمەتی دزینی ئاسنی تاوەرەکانی کارەبا دەستگیر دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، دوو کەس بە تۆمەتی دزینی پارچەی تاوەرەکانی کارەبا لە نێوان ناحیەکانی ئاشتی و ئاغجەلەر دەستگیرکراون.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە: "هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ناحیەی ئاشتی، دوو كەسیان بە تۆمەتی لێكردنەوەی و دزینی پارچە ئاسنەکانی تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبای نێوان هەردوو ناحیەی ئاشتی و ئاغجەلەر دەستگیر کردووە".
هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەدواداچوون بۆ تۆمەتبارانی کەیسەکە لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بووە، کە لە بنکەیەکی پۆلیس تۆماریان کردبوو".
لەسەر هەمان بابەت، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، "ئەوەی کراوە كارێكی تێكدەرانەیە و رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو كەسانە دەگرینەبەر ئەو ئاسانەیان لێكردووەتەوە".
کارەبای سلێمانی رایگەیاند، "تاوەری هێڵی 132 كەی ڤی ئاسنی لێكراوەتەوە و زیانیان پێگەیشتوە، دوێنێ تیمەكانی چاكسازیی هێڵەكانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی كارەبای سلێمانی بەمەبەستی نەهێشتنی مەترسی بۆ سەر تاوەرەكان بەشێك لە ئینگلاینەكانیان داناوەتەوە".