ئاوارە و عەرەبە هاوردەکان لە کەرکووک بەشداری لە سەرژمێری دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکێکی نوێی زیادەڕۆ لە دامێنی گەڕەکی حوزەیرانی خوارووی کەرکووک، هەزاران خێزانی عەرەبی ئاوارە و هاوردە بەشدارییان لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان کرد.
زۆرینەی دانیشتووانی ئەم گەڕەکە خەڵکی پارێزگاکانی سەڵاحەدین، دیالە و نەینەوان و داوا دەکەن لەمەودوا مامەڵەکانیان لەسەر کەرکووک بێت و وەک دانیشتووی رەسەنی شارەکە هەژمار بکرێن.
بەشێک لەو خێزانانە کە لە دوای رووداوەکانی شەڕی داعش و داخستنی کەمپەکان روویان لە کەرکووک کردووە، جەخت دەکەنەوە کە نایانەوێت چیدی وەک ئاوارە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. بوشرە ساڵح، ئاوارەیەکی خەڵکی موسڵە و دەڵێت: "کەسوکارم لە حوزەیرانن، خۆمان لە موسڵ بووین و پێش رووخانی سەدام هاتینە ئێرە. تەسکەرەکانمان هی حەمام عەلیلە، بەڵام منداڵەکانم هەموویان لە کەرکووک لەدایکبوونە."
هاوکات نەزهات عەبد، ئاوارەیەکی دیکەی دانیشتووی گەڕەکەکەیە و دەڵێت: "خەڵکی سەڵاحەدین، موسڵ و بەغدا لێرە زیادەڕۆییان کردووە و بەشداریمان لە سەرژمێریی کەرکووک کردووە."
بە گوێرەی ئامارەکان، جگە لەو 22 هەزار خێزانە عەرەبەی لە سەردەمی تەعریب و راگواستن هاوردەی کەرکووک کراون، دوای ساڵی 2017 و بەهۆی شەڕی داعشەوە نزیکەی 10 هەزار خێزانی دیکە لە کەرکووک نیشتەجێ بوون. ژمارەی ئەندامانی ئەم خێزانانە بەرزە و کەمترینیان خاوەنی 7 بۆ 8 منداڵن.
کافی جەدوع، یەکێکە لەو دانیشتووانە و دەڵێت: "لە خانوویەکی زیادەڕۆداین و 13 کەسین، دوو ماڵین." ئەم زیادبوونە دیمۆگرافییە وایکردووە لەگەڵ ئەوەی کوڕەکان هاوسەرگیری دەکەن، لە خانووی دیکەی زیادەڕۆدا نیشتەجێ دەبن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی زیاتر لە 5 گەڕەکی نوێی زیادەڕۆ لە شارەکەدا کە لەلایەن ئیدارەی پێشووی کەرکووکەوە کارئاسانی مانەوەیان بۆ کراوە.