لە هەولێر سیستمی تۆماری زانیاریی سەرنشینانی هێڵەکانی گواستنەوە جێبەجێ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی هەولێر دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی سیستمی "مەنەفێست" بۆ تۆمارکردنی ناوی سەرنشینانی هێڵەکانی دەرەوەی شار. بەڕێوەبەری گواستنەوەش دەڵێت، پرۆسەکە ئەلیکترۆنییە و بۆ سەلامەتیی سەرنشینانە.
لە تێرمیناڵی گواستنەوەی هەولێر - بەغدا (گەراجی بەغدا)، کە هێڵەکانی گواستنەوەی سلێمانی، کەرکووک و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لەخۆدەگرێت، دەست بە تۆمارکردنی زانیاریی سەرنشینان کراوە. بەشێک لە شۆفێران نیگەرانییان لە دروستبوونی قەرەباڵخی دەربڕیوە و دەڵێن، کارمەندانی کۆمپانیایەک ناوی یەک بە یەکی سەرنشینان و شۆفێرەکان دەنووسن، ئەمەش کاتی زۆری پێویستە.
"پرۆسەکە رووپێوی نییە"
ئەندازیار عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر، لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداودا رەتیکردەوە پرۆسەکە "رووپێوی" بێت و رایگەیاند: "ئەوە گرێبەستێکی وەزارەتی گواستنەوەیە لەگەڵ کۆمپانیایەک بۆ دروستکردنی 'مەنەفێست' بۆ ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوە، کە ئامانج لێی تۆمارکردنی جووڵەی هاتووچۆی هێڵەکانی دەرەوەی شارە لەپێناو سەلامەتی و ئاسایشی سەرنشینان."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر، سیستەمەکە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و هەر ئۆتۆمبێلێکی هێڵەکانی دەرەوەی شار لەکاتی دەرچوونی دا زانیارییە تەواوەکانی وەک (کات و رۆژی دەرچوون، ناوی شۆفێر و ناوی سەرنشینەکان)ـی بۆ تۆمار دەکرێت.
سیستمەکە چۆن کار دەکات؟
سەبارەت بە گلەیی شۆفێران لە دروستبوونی قەرەباڵخی، بەتایبەت لەو پاسانەی ژمارەی سەرنشینەکانیان زۆرە، عەبدولخالق عەلی گوتی: "سیستەمەکە ئەلیکترۆنییە؛ تەنیا بە سکانکردنی کارتی نیشتمانی یان ناسنامە، ناوی کەسەکە دێتە سەر سیستمەکە و پێویست بە نووسین بە دەست ناکات."
بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر دڵنیایی دەدات کە "تەنیا ناوی سەرنشین تۆمار دەکرێت و هیچ زانیارییەکی دیکەی کەسیی تۆمار ناکرێت."
لەبارەی گرفتی قەرەباڵخیشەوە ئاماژەی بەوە کرد، لەبەر ئەوەی پرۆسەکە لە سەرەتایە و لە قۆناخی ئەزموونیدایە، رەنگە هەندێک گلەیی هەبێت، بەڵام "لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار لەسەر هێڵ دەبین بۆ ئەوەی ئاسانکاریی تەواو بۆ شۆفێران و سەرنشینان بکرێت."