ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی: گرژییەکانی لاجان سیناریۆیەکی سیاسیی ئاشکرابوون
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، گرژییەکانی سنووری خەبات و لاجان "سیناریۆیەکی سیاسیی ئاشکرابوون"، ئاشکراشی دەکات کە بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە خەبات بە تۆمەتی تێوەگلان لە رووداوەکان و بەپێی یاسا دەستگیرکراوە.
ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی و بەرپرسی لقی 16ـی ئەو حیزبە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، وردەکاریی رووداوەکانی خەبات و گوندی لاجانی خستەڕوو.
"کێشەکە خزمەتگوزاری نییە، سیاسییە"
سەبارەت بە هۆکاری خۆپێشاندانەکان، ئاری نانەکەلی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆربەی کێشە خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبای لە سنوورەکە چارەسەر کردووە و پاڵاوگەکانیش رۆڵیان لە خزمەتکردنی ناوچەکەدا هەبووە.
ئاری نانەکەلی گوتی: "ئەوەی روویداوە بابەتێکی زۆر سیاسییە و دەستیشی لەپشتە. هێزێکی سیاسی لە کوردستان کەناڵێکی فەرمی خستووەتە خزمەت ئەم بابەتە".
بەگوتەی بەرپرسی لقی 16ـی پارتی، بەڵگەی ڤیدیۆیی لەبەردەستدایە کە بەرپرسی یەکەمی یەکێتی لە خەبات راستەوخۆ سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکانی کردووە. نانەکەلی دەڵێت: "بەرپرسی کۆمیتە لە فەیسبووکی خۆیەوە پۆستی کردووە و نووسیوویەتی 'ئامادەبن و وەرنە سەر جسری گەورە". ڤیدیۆمان لایە کە لەناو خۆپێشاندەرانە و ئاڕاستەیان دەکات".
سێ فەرمانگەی خەبات سووتێندراون
لەسەر زیانە گیانی و مادییەکانی گرژییەکان، ئاری نانەکەلی ئاشکرای کرد، خۆپیشاندەران سێ فەرمانگەی حکومییان سووتاندووە کە بریتین لە "ناوەندی گەنجان، ئۆفیسی کارتی زانیاری و کۆمیسیۆن"، ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە دووکانی هاونیشتمانییان تاڵان کراون.
لەبارەی قوربانییەکانەوە، نانەکەلی رەتیکردەوە هیچ خۆپێشاندەرێک کوژرابێت یان بریندار بووبێت، گوتی تەنیا شۆفێرێکی بارهەڵگر بەهۆی تەقەکردنەوە گیانی لەدەستداوە و گوتی: "ئەو شۆفێرە بەداخەوە بووە قوربانیی دەستی ئەو کەسانەی ویستیان یاسا بشکێنن و رێگەوبانەکان بگرن".
دەستگیرکردنی بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی
ئاری نانەکەلی باسی هۆکاری دەستگیرکردنی بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتیی لە خەبات کرد و گوتی: "بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی ئێستا بەپێی یاسا و بە بەڵگەوە دەستگیرکراوە و لەلای پۆلیسە بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت".
سەبارەت بە دەنگۆی برینداربوونی ئەو بەرپرسەی یەکێتی پێش دەستگیرکردنی، نانەکەلی گوتی: "نەخێر بریندار نییە و ئەو قسانە راست نین". ئاماژەی بەوەش دا، کە تاوەکو ئێستا نزیکەی 5 بۆ 6 کەس بە تۆمەتی هاندان، رێگەگرتن و سووتاندنی دامودەزگاکان دەستگیرکراون.
دۆخی گوندی لاجان و پەیوەندی لەگەڵ عەشیرەتی هەرکی
لەبارەی دۆخی گوندی لاجان و دەنگۆی گەمارۆدانی، بەرپرسەکەی پارتی روونیکردەوە کە حکومەت تەنیا ویستوویەتی یاسا جێبەجێ بکات و چەند کەسێکی داواکراو دەستگیر بکات، نەک گەمارۆی گوندەکە بدات. هەروەها گوتی: "داواکارییەکان بۆ ئەوەی گوشار لەسەر لاجان هەڵبگیرێت بێ بنەما بوون، چونکە لاجان داگیرنەکراوە، تەنیا لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر چەند کەسێک هەبووە".
نانەکەلی جەختیشی کردەوە کە پەیوەندیی پارتی و عەشیرەتی هەرکی "مێژوویی و پتەوە" و ئەوان خاوەن شەهید و قوربانین. گوتیشی: "کەسایەتی و پیاوانی ئایینیی هەرکی خۆیان هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بوون بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و دژی ئاژاوەگێڕی بوون".
ئاری نانەکەلی دڵنیایی دا کە ئێستا دۆخی خەبات و گوندی لاجان و دەوروبەری بەتەواوی ئاسایی بووەتەوە، رێگەکان کراونەتەوە و خەڵک گەڕاونەتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان.