برایەکی نێچیرڤان هەرکی: ئەو کەسەی لە ڤیدیۆیەکدا بە چەکی قورسەوە دەردەکەوێت براکەم نییە

رووداو دیجیتاڵ

برایەکی نێچیرڤان عیسا میرمسو، بەرپرسی کۆمیتەی قەزای خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەتیدەکاتەوە ئەو کەسەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بە چەکی قورسەوە دەردەکەوێت براکەی بێت و دەڵێت: "براکەم ئەو چەکەی نییە.'' 
 
نێچیرڤان عیسا بە نێچیروان هەرکی ناسراوە، بەرپرسی کۆمیتەی قەزای خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە پارێزگای هەولێر، شەوی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای هەولێرەوە دەستگیر کرا.
 
لەبارەی دەستگیرکردنی، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رۆژی سێشەممە، 2-12-2025، رایگەیاند: "ئەو کەسە هیچ پەیوەندی بە گوندی لاجانەوە نییە، بەرپرسی کۆمیتەی خەباتی یەکێتییە، یەکێک بووە لە هەڵسوڕێنەرانی ئەو کارە، لەو گرژی و تووندوتیژییانەی لە خەبات روویداوە، گرتەی ڤیدیۆیی هەیە، شتی حاشاهەڵنەگر هەیە، رۆڵێکی زۆر خراپی هەبووە، لە خەبات نەگیراوە، وابڵاوکرایەوە بە برینداری دەستگیرکراوە، ئەوەشیان راست نییە، ساخ و سەلامەت بووە لەنێو ئۆتۆمبێل لەڕێگەی کەرکووک دەستگیرکراوە.''
 
رۆژی سێشەممە، 2ی کانوونی یەکەمی 2025، کاروان عیسا، برای نێچیرڤان عیسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "براکەی من ئەو جۆرە چەکەی نییە و ئەو جۆرە چەکانە بەکارناهێنێت، ئەوەی دەیناسێت و قسەی لەگەڵی کردووە، دەزانێت ئەوە دەنگی ئەو نییە، ئەو کەسەش لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، نێچیروانی برام نییە."
 
کاروان عیسا دەڵێت: "ئەو لەنێو کێشەکەدا نەبووە، شەو (دووشەممە 1-12-2025) لەکاتی داخستنی رێگەکان پەیوەندییان پێوە کردووە، ئەویش چووە بۆ یارمەتیدانی خەڵک، نەک بۆ ئاژاوە و تێکدان."
 
شەوی دووشەممە، 1-12-2025، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتبوو: "کۆمەڵێک کەسی هاندراو هەوڵی کردەوەی ئاژاوەگێڕی، تەقە و سووتاندنی شوێنە گشتی و فەرمییەکانیان لە قەزای خەبات دا، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی هێمنانە کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کرد."
 
لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر هەروەها رایگەیاندبوو: "سەرکێشیی ئاژاوەگێڕییەکان، کە کەسێک بوو بەناوی نێچیروان عیسا میرمسو، لەکاتی راکردنی لەڕێگەی کەرکووک دەستگیر و راپێچی بەردەم یاسا کرا."