دووەم بار بە سیستمی تیر لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلدا تێپەڕی
رووداو دیجیتاڵ
دووەم بار بە سیستمی نێودەوڵەتیی بازرگانی (تیر) بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو بەسرە تێپەڕی. بە گوتەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار تێپەڕین لەو جۆرە بارە لە عێراق کراوە.
ئەو بارە بازرگانییە رۆژی دووشەممە 30ی تشرینی دووەم لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تێپەڕیوە و بەرەو بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە رۆیشتووە.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوە دووەم باری بازرگانی بووە کە بە سیستمی تیر لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تێپەڕێت کە بە هاوئاهەنگى بووە لەگەڵ هەرێمى کوردستان و لەدوای 24 کاژێر لە بەندەری ئوم قەسر چووەتە دەرەوە."
سیستمی رێگەی گواستنەوەی نێودەوڵەتی کە بە (تیر) ناسراوە، سیستمێکی نێودەوڵەتیی بازرگانییە و تایبەتە بە چاودێریکردنی گواستنەوەی کاڵا لە رێگەی وشکانی، کە لە شوێنی دەرچوونیەوە تۆمار دەکرێت تاوەکو ئەو شوێنەی بارەکەی بۆ هەناردە دەکرێت.
پێشتر لە 29ی حوزەیرانی ئەم ساڵ یەکەم باری بازرگانی، کە سێ بارهەڵگر بوون، بەگوێرەی سیستمی (تیر) بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تێپەڕین، دوای ئەوەی لە 6ی ئاداری 2025 عێراق بەفەرمی کاری بە سیستمەکە کرد
سیستمەکە ئاسانکاری بۆ خێرا تێپەڕبوونی بارە بازرگانییەکان دەکات بەو وڵاتانەی کە ئەندامن، بەبێ راگرتنیان لە دەروازە سنوورییەکان و کردنەوەی بارەکانیان.