بەشێک لە جووتیارانی ناحیەی قەراج گلەیی لە نەبوونی کارەبا دەکەن: نامانەوێت تەعریب بکرێینەوە

 
رووداو - ناحیەی قەراج

جووتیارێک خاوەنی 1300 دۆنم زەوییە لە گوندی گرد بگۆمی سەر بە ناحیەی قەراجی قەزای مەخموور، گوندێک کە تاوەکو ئێستاش ئاسایشی لێ بەرقەرار نییە و بە شەو جموجۆڵی داعشی تێدایە. سەرەڕای مەترسیداریی ناوچەکە، بەڵام ئەو جووتیارە دەست لە زەویی باب و باپیرانی هەڵناگرێت و کشتوکاڵی تێدا دەکات. کێشەی کەمیی کارەبا چەند ساڵە زیاتر لە داعش بێزار و بێتاقەتی کردووە و زیانی لێداوە.
 
ئەو جووتیارە کە ناوی عارف کەریمە دەڵێت "کارەباکەمان زۆر خراپە... نییە، هەفتەی 20 کاژێر کارەبامان هەیە، بەو 20 کاژێرە هیچمان پێناکرێت، ئێستا من کە 1300 دۆنم زەویم هەیە، ئەگەر ئاوابێت تاوەکو کۆتایی 100 دۆنم ئاودانم پێناکرێت".
 
خەڵکی حەوت گوندی ناحیەی قەراج کۆبوونەوەی ناڕەزاییان رێکخست. شوان سەدرەدین جووتیارە و دەڵێت "خاکی ئێرە بۆ کشتوکاڵ بۆ هەموو شتێک دەرەجە یەکە، یانی لە سەوزە لە دەخڵ و دان، هەتا لە پرۆژەی ماسی، ماسیی دەرەجە یەکە لەسەر هەموو عیراق نەک تەنیا لەسەر کوردستان، بەپێی ئەوەی ئاوەکەمان کەمێک سوێرە، خوێی زیاترە، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی کارەبا ناتوانین داینێینەوە، ئێستا لە 10 رۆژ چوار کاژێر کارەبامان هەیە".
 
جووتیارێکی دیکە بەناوی محەمەد عەلی باسی لەوە کرد "ئێمە نامانەوێت جارێکی دیکە تەعریب روو لەو ناوچەیە بکاتەوە.. ئەگەر ئاوت نەبێت، کارەبات نەبێت و بارانیش ئەمساڵ بەپێی پێویست نەباریوە و کەمە، ئەمەش دەبێتە هۆی وشکەساڵی، وشکە ساڵیش بێت تۆ نایەیتە دەشت و گوند، چی دەکەیت بێیت؟"
 
رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور لەبارەی کێشەی ئەو جووتیارانە گوتی "ماوەیەکی زۆرە ناوچەکە بەگشتی ئەو کێشەیەی هەیە کە هاتنە خوارەوەی ڤۆڵتییە و بارگرانییە لەسەر فیدەرەکان، ئەوەش دەبێتە هۆی کەوتنی وێستگەکان و پچڕانی کارەبا".
 
دابینکردنی کارەبای ئەو گوندانە لە ئەستۆی هەرێمی کوردستانە، قەیرانی دارایی رێگری سەرەکیی بەردەم حکومەتە بۆ دابینکردنی بڕی پێویستی کارەبا بۆ ئەو سنوورە.
 
حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر ئاماژە بەوە دەکات "دوای جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە کە بەشێک لە باری ئەو فیدەرە دەخرێتە سەر فیدەری دیکە لە مەخموور، کە بریتییە لە پێنج محاویلە، دوای تەحویلکردنی ئەو محاویلانە دۆخی کارەبایان هەندێک باشتر دەبێت، بەڵام وەکو دۆخی کارەبای ئاسایی هەر لێنایەتەوە".
 
لە سنووری قەزای مەخموور تەنیا سێ وێستگەی کارەبا هەن، 36 گوندیش سەر بە ناحیەی قەراجن کە پێش شەڕی داعش نزیکەی 240 ماڵی کورد تێیدا نیشتەجێ بوون، بەڵام دوای داعش و بەهۆی خراپیی خزمەتگوزارییەکانەوە لەو گوندانە، ئێستا تەنیا نزیکەی 90 ماڵی کورد ماون.