ناشناڵ پارکی هەڵگورد سەکران سێ ساڵە بەڕێوەبەرەکەی مردووە و کارکردن تێیدا وەستاوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرزترین لووتکە چیا، مانەوەی بەفر لە هەر چوار وەرزی ساڵ و بەرزترین تاڤگە لەسەر ئاستی عێراق و باشووری کوردستان، ئەو سێ تایبەتمەندییە بوون کە ساڵی 2010 ناشناڵ پارکی هەڵگورد سەکرانی خستە سەر نەخشەی جیهانی.
لە ماوەی حەوت ساڵدا هەنگاوی زۆری نان؛ ساڵی 2011 بە بەشداریی 10 وڵات نەخشەڕێگەی پرۆژەکە دانرا، ساڵی 2012 پرۆژەکە کەوتە کۆنفرانسی ساڵانەی گۆڕانی کەشوهەوای گۆی زەوی لە شاری لیۆکۆی ئیتاڵیا، هەمان ساڵ گرێبەستی هاوکاریکردنیان لەگەڵ ئینستیتیوتی نەمسا بۆ تەکنەلۆجیا و دامەزراوەی ژینگەیی هۆڵەندا واژۆکرد. ساڵی 2013 لەڕێگەی رێکخراوی (EV K2 CNR)ی ئیتاڵی کە کاریان بنیاتنان و پەرەپێدانی ناشناڵ پارکەکانی جیهانە، بوو بە ئەندامی رێکخراوەکە. هەمان ساڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی ناشناڵ پارکەکەی کرد و گرێبەستی هاوکاری و هەماهەنگییان واژۆکرد، ئەمە و دەیان کاری دیکەی ژینگەیی بوون عەبدولواحید گوانی، سەرۆکی بۆردی ناشناڵ پارک کردی.
لەگەڵ ئەودا ژمارەیەک ژینگەدۆستی خۆبەخش هەبوون، بەڵام ساڵی 2017 کاتێک گوانی کۆچی دواییکرد، پرۆژەکەش پەکیکەوتووە.
نێچیرڤان عەبدولواحید، ئەندامی بۆردی ناشناڵ پارکی هەڵگورد سەکران دەڵێت "ئێمە وەکو ستافی خۆبەخش حەزدەکەین دووبارە دەست بە کار بکەینەوە و لە رابردووشدا نەمانهێشتووە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان لەگەڵ رێکخراوەکان بپچڕێت و نیازمانە بۆ ساڵی نوێ بە گوڕ و تینەوە دەستپێبکەینەوە".
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی پارێزگای هەولێرەوە بڕی 20 ملیار دیناری لەم پرۆژەیەدا خەرجکردووە.
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت "پلانی ئێمە بۆ دووبارە دەستکردنەوە بە پرۆژەکە یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانمان، بە دڵنیاییەوە کاری لەسەر دەکەین ئەو ریزبەندییەی لەسەر ئاستی جیهان وەریگرتووە پارێزگاریی لێدەکەین و بە پێشتریشی دەخەین، گرنگیشی پێدەدەین و هەر پێویستییەکی هەیبێت بۆی دابیندەکەین".
ئۆفیسی سەرەکیی ناشناڵ پارکەکە لە چۆمانە، تیمی هۆشیارکەرەوەی ژینگەییان هەبوو، پێشمەرگەی ژینگەپارێزیان هەبوو، خەڵکی لەسەر راوکردن سزای تووند دەدرا.
ساڵی 1872 یهكهمین ناشناڵ پارك له ئهمریكا دروستكرا، ئێستا 120 وڵات خاوهنی ناشناڵ پاركن. لە جیهاندا 2200 ناشناڵ پارك ههن. ناشناڵ پارکی هەڵگورد سەکران رووبەرەکەی هەزار و 200 کیلۆمەتر دووجایە، ساڵی 2016 ریزبەندیی 19هەمین ناشناڵ پارکەکانی جیهانی وەرگرت و سێ پەرتووکی دەربارەی هەمەچەشنی رووەک و ئاژەڵ بە چاپ گەیاند.
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگە دەڵێت "ناوچەکە کۆمەڵێک گیانلەبەر و زیندەوەری دەگمەنی تێدایە و دەپارێزرێن، لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی بەرچاوی رووەکی خۆڕسکی تایبەتی تێدایە و هەوڵی پاراستنیان دەدرێت، ئەو ئامانجانە پێکەوە بۆ ناشناڵ پارکەکە کراون. دەبێت لە ئایندەدا ئەو میکانیزمە بدۆزینەوە بۆ ناشناڵ پارکەکە بۆئەوەی بیخەینە سەر چ دامەزراوەیەک".
ساڵانە لەڕێگەی پسپۆڕانی بیانی و ناوخۆییەوە توێژینەوە لەبارەی رووەک و باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان دەکرا، لە کوێ کێویەکان پێویستیان بە هاوکاریی مرۆڤ هەبوایە، بەدەمیەوە دەچوون. فیستیڤاڵی بەفر، بەلەمەوانی و چالاکییەکانی دیکەی کولتووری بەرنامەی پێنج ساڵی لەسەریەکی پرۆژەکە بوون.