گەشتیاران بۆ بەسەربردنی کات دەچنە چیای کۆڕەک

 
رووداو دیجیتاڵ

بارینی بەفر لە چیای کۆڕەک دیمەنێکی جوانی بەو سنوورەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەخشیوە. دڵڕفێنیی ناوچەکە وایکردووە، خەڵکێکی زۆر بە مەبەستی بەسەربردنی کات رووی تێبکەن.
 
نەبارینی بەفر لە بەشی زۆری ناوچەکانی عێراق و هەندێک لە شارەکانی باشووری کوردستان وایکردووە، بەشی زۆری گەشتیاران هەندێک لە کاتەکەیان بە شەڕە تۆپەڵ لە بەرزاییەکانی چیای کۆڕەک بەسەرببەن. 
 
نەبا حەسەن، گەشتیاری خەڵکی بەغدا دەڵێت، "پشوویەکی کورتە؛ چوار رۆژە؛ بۆ گۆڕینی کەشەکە و دوورکەوتنەوە لە گوشاری کار و ژیانی قەرەباڵخی بەغدا. سوپاس بۆ خودا؛ ئەوەی کە پەیوەندیی بە منەوەیە، کاتێكی خۆشم بەسەربرد".
 
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 25ی مانگی رابردووەوە تاوەکو 31ی هەمان مانگ، 146 هەزار و 898 گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
 
نادر روستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 75550 گەشتیار هاتوونەتە پارێزگای هەولێر، 38734 گەشتیار چوونەتە پارێزگای دهۆک و 31614 گەشتیاریش چوونەتە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە.
 
عەلی کەریم، گەشتیاری خەڵکی بەغدا دەڵێت، "پشتیوان بە خودا ساڵێکی خۆش دەبێت و شتی باش و ئومێدی نوێ لەگەڵ خۆی دەهێنێت. پشتیوان بە خودا خەونی هەموو کەس دێتەدی، لەوانەش خەونی ئێمە".
 
کەشوهەوا و دیمەنی جیاوازی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق وایکردووە، گەشتیارێکی زۆر رووی تێبکەن.
 
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 11 مانگی یەکەمی ساڵی 2021دا چوار ملیۆن و 93 هەزار و 888 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.