مامۆستایەکی کۆلێژی جەنگ لە زانکۆی لەندەن: ئامانجی هێرشە درۆنییەکان هەولێرە نەک هێزەکانی هاوپەیمانان
رووداو دیجیتاڵ
هێرشە درۆنییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان چڕ دەبنەوە، بەهانەی گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی کە گرووپە چەکدارە شیعە مەزهەبەکانن لە عێراق، بوون و بەئامانجگرتنی بنکە و هێزەکانی هاوپەیمانانە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆچوونێک هەیە کە ئامانجی ئەم هێرشە درۆنییانە خودی هەرێمی کوردستانە نەک هێزەکانی هاوپەیمانان.
پڕۆفیسۆر محەممەد ئیحسان، مامۆستای کۆلێژی جەنگ لە زانکۆی لەندەن لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، "لەم هێرشە درۆنییانەدا هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج، نەک هێزەکانی هاوپەیمانان." هاوکات د. پەروێز رەحيم، مامۆستای زانکۆ و شارەزای نێودەوڵەتی دەڵێت، "پەیامی پشتی ئەم هێرشە درۆنییانە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان شوێنێکی ئارام نییە بۆ ئەمریکییەکان."
"مەترسیی جیدی"
لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، کە دیبەیتێکی تایبەت بوو لەبارەی مەترسی و دەرهاویشتەکانی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو گوتی، "ئێستا پێنج بەرەی جەنگ لە ناوچەکەدا هەن و هەرێمی کوردستان لێیان بێبەش نابێت."
بە گوتەی رۆژهەڵاتی، ئەمڕۆ سەردەمی بەهێزیی لاوازەکانە لە جیهاندا و گرووپە لاوازەکان بە ئاسانی چەک و تەقەمەنی دروستدەکەن و هێرشی گەورە ئەنجام دەدەن، هەربۆیە هەرێمی کوردستان نابێت چاوی لەوە بێت تەنیا بە گفتوگۆ دەتوانێت ئەم گرفتانە چارەسەر بکات، بەڵکو پێویستی بە خۆڕێکخستنەوەیەکی جیدییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە جیدییە.
هاوکات د. پەروێز رەحیم، مامۆستای زانکۆ و شارەزای نێودەوڵەتی پێیوایە ئەم هێرشانە بۆسەر هەرێمی کوردستان بەردەوام دووبارە دەبنەوە و دەڵێت، "هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسییەکی هێندە گەورەدایە، کە هێرشە درۆنییەکان ببنە کردەی رۆژانە، چونکە ئێستا لەناو شیعەکان وێنایەک بۆ هەرێمی کوردستان دروستکراوە بەناوی ئیسرائیلی دووەم و لە هەر بابەتێکی نێوخۆییاندا رایان جیاواز بێت، بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان هاوهەڵوێستن لەم خاڵەدا."
"ناکۆکیی نێوخۆیی"
لە بەشێکی دیکەی دیبەیتەکەی رووداوی ئەمڕۆدا باس لە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییان لەسەر ئەو هێرش و مەترسییانە کرا.
پڕۆفیسۆر محەممەد ئیحسان لەوبارەیەوە دەڵێت، "لەم هێرشە درۆنییانەدا هەولێر و پارتی دیموکراتی کوردستان بە دیاریکراوی کراونەتە ئامانج، حیزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان تەنانەت بە بەیاننامەیەکیش سەرکۆنەی ئەم هێرشانەیان نەکردووە، بەو هێرشەشەوە کە کرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە پیرمام."
گوتیشی، "بەهۆی پەرتەوازەیی نێوماڵی کوردەوە، تەنانەت تیمێکی هاوبەشمان نییە تاوەکو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کار لەسەر ئەم پێشێلکارییانە بکەن و هیچ کاتێکیش نوێنەرانی کورد لە بەغدا وەکو ئەم نوێنەرانەی ئێستا لاواز نەبوون."
هەر لەبارەی ناکۆکییە نێوخۆییەکانەوە، زریان رۆژهەڵاتی دەڵێت، "ساڵی رابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆری دا بۆ رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردی و کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان، بەڵام نەکرا و ئێستاش کات درەنگ نەبووە بۆئەوەی نێوماڵی کوردی رێکبخرێتەوە."
"هەرێمی کوردستان دۆخی نێوخۆیی رێکنەخاتەوە، ناتوانێت رووبەڕووی ئەم هێرشانە و مەترسی و دەرهاویشتەکانیان ببێتەوە،" ئەمەش وەکو بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو گوتی.
گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، دەڵێن، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لە هێرشەکانیشیان بەردەوام دەبن.
گرووپەکە لە بەیاننامەیەکدا، کە رۆژی سێشەممە 02-01-2024 بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "لە درێژەی بەردەوامبوونمان لەسەر رێبازی رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەر، سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان لە غەززە، وەڵاممان لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی قەوارەی زایۆنی لە دژی دانیشتووانی غەززە دەیکات، موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر بنکەی هێزەکانی داگیرکەر لە هەولێر لە باکووری عێراق."
"قووڵایی ستراتیژی"
لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەرامبەر هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، پرۆفیسۆر محەممەد ئیحسان دەڵێت، "عێراق هەڵوێستەکانی لاوازن، لە کاتێکدا هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەی دەرکردووە، عێراق لەبری راگرتنی هێرشەکان دێت وەڵامی بەیاننامەی هەرێمی کوردستان دەداتەوە."
هەروەها گوتیشی، "میلیشیاکان لە عێراق تەنیا بۆ تێکەڵکردنی کارتە سیاسییەکان بەکاردەهێندرێن و بەکارهێنانیشیان ئێستا لە دژی هەرێمی کوردستان بۆ ئامانج و بەرژەوەندیی سیاسییە."
"حەشدی شەعبی باڵی سەربازیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە و حکومەتی عێراق لە هەموو جووڵەیەکیان بەرپرسە،" پرۆفیسۆر محەممەد ئیحسان وای گوت. گوتیشی، "باشترە هەرێمی کوردستان لەبری (غوڵام) لەگەڵ (ئاغا) گفتوگۆ بکات و راستەوخۆ لەگەڵ تاران بکەوێتە گفتوگۆ بۆ چارەسەری ئەم گرفتانە."
هاوکات د. پەروێز رەحيم دەڵێت، قووڵایی ستراتیژیی هەولێر لەڕووی سیاسییەوە سلێمانییە نەک بەغدا و لەڕووی سەربازیشەوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە نەک وڵاتانی دیکە، هەربۆیە هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەنگاوی ستراتیژیی سیاسی و سەربازییە.
د. پەروێز رەحیم پێیوایە، "پێویستە رەوەندی کوردی لە وڵاتانی جیهان خۆپێشاندان بکەن دژی ئەم هێرشانە، وەکو چۆن ئەوروپییەکان بەردەوام خۆپێشاندان دەکەن دژی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا."
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دژی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.
لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا، گرووپی چەکداریی شیعەی بەناو "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیارێتیی خۆی لە 15 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە.