نزیکەی 240 هەزار گەشتیار لە پشووەکانی سەری ساڵدا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە پشووەکانی سەری ساڵدا زیاتر لە 88 هەزار گەشتیار سەردانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە، هەروەها نزیکەی 70 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکانی سلێمانی و زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای دهۆکیان کردووە، 30 هەزار گەشتیاریش سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە پشووەکانی سەری ساڵدا 88 هەزار و 341 گەشتیار سەردانی ناوچەکانی پارێزگای هەولێریان کردووە".
گۆران قادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە پشووەکانی سەری ساڵدا رۆژانە 8 هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانییان کردووە و کۆی گەشتیاران بۆ سەری ساڵ بە زیاتر لە 70 هەزار گەشتیار مەزەندە دەکرێن".
گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێ، زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی چوونەتە ناوچەکانیان دانیشتووانی نێوەڕاست و خواری عێراقن.
شەماڵ هرووری، گوتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر لە 50 هەزار کەس لە پشووەکانی سەری ساڵدا سەردانی ناوچەکانی پارێزگاکەمانی کردووە".
گوتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک گوتی: "لەوانەی هاتوون پێنج هەزار کەسیان لە هۆتێلەکاندا ماونەتەوە، بەشێکیان ماوەیەکی کەم ماونەتەوە و سەردانی ناوچەکانی دیکەیان کردووە، بەشێکیان چوونەتە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ".
هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە پشووەکانی سەری ساڵدا نزیکەی 30 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکەمانی کردووە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەڵەبجە گوتی، زۆرینەی گەشتیارەکانیان لە سنووری پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بووە.
تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی هاتنی گەشتیاران لە تەواوی هەرێمی کوردستان نەدراوەتە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان. ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ پشووەکانی سەری ساڵی 2025 نزیکەی 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو".
پارێزگای هەولێر: لە پشووەکاندا هیچ گرفتێکی ئەمنی رووینەداوە
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا ئەنجامی پلان و ئامادەکارییەکانی دامودەزگاکانی حکومەتی بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ بڵاوکردەوە، کە لە ماوەی نێوان 25-12-2025 تاوەکو 1-1-2026 جێبەجێ کراون و رایگەیاند: "هیچ گرفتێکی ئەمنی و کارگێڕی" رووینەداوە".
لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆدا پارێزگاری هەولێر رایگەیاندووە، لەو هەفتەیەدا 17 رووداوی هاتووچۆ بەهۆی خێرا لێخوڕین و پابەندنەبوون بە یاساکان تۆمارکراون، لە ئەنجامیاندا کەسێک گیانی لەدەستداوە و نۆ کەسیش برینداربوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پارێزگاری هەولێر، لە پشووەکانی سەری ساڵدا 86 رووداوی تاوانی جیاواز ئەنجامدراون، 85 یان بکەرانیان ئاشکرا کراون. هاوکات یەک رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبووە و تەنیا زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە پشووەکانی سەری ساڵدا 5 هەزار و 486 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە. لە هەمان ماوەدا 294 منداڵ لەدایکبوون.
لە هەمان راگەیێندراودا هاتووە، "بەهۆی شەپۆلی بەفر و باران، تیمەکانی رێگەوبان بە 72 ئامێری جۆراوجۆرەوە لە ئەرکدا بوون. لەو ماوەیەدا 25 رێگەی سەرەکی لە سنووری کۆیە و قەزاکانی دیکە بە درێژایی 1,100 کیلۆمەتر راماڵدراون لە بەفر و 180 تۆن خوێ بۆ تواندنەوەی بەفر بەکارهێنراوە".