چیرۆکی هاوسەرگیریی ژن و پیاوە بە تەمەنەکەی گەرمیان؛ 'ئەوەندەی چاو و دڵم خۆشم دەوێی'
رووداو دیجیتاڵ
لە چەند رۆژی رابردوودا هاوسەرگیریی ژن و پیاوێکی بەتەمەن لە سنووری گەرمیان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە هەرێمی کوردستان تەنی و قسەی جیاوازی لەبارەوە کرا. پەیامنێری رووداو چووەتە ماڵی ئەو ژن و پیاوە و باسی چیرۆکی هاوسەرگیرییەکەیان دەکەن. پیاوەکەی تەمەنی 93 ساڵ و ژنەکەیش تەمەنی 92 ساڵە، دەڵێن، دڵیان خۆشە بەو بڕیارە.
ئەو دوو هاوژینە تەنیا چوار رۆژە لە دادگەی خانەقین پەنجەمۆریان لەسەر گرێبەستی هاوژینییەکەیان کردووە. حاجی سلێمان حەمید، خەڵکی گوندی گردەگۆزینەی کەلارە و جەمیلە قادری هاوژینی خەڵکی شارەدێی باوەنوورە. سەرباری زۆریی تەمەنیان، بەردەوام دەستیان لەناو دەستی یەکدییە.
حاجی سلێمان حەمید بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەی چۆن دەبێت پیاو ژن نەهێنێت، ئەگەر ئیمانی قایم بێت و خیرەتی هەبێت، خۆی تووشی گوناح ناکات و ژن دەهێنێت."
هەم حاجی سلێمان پێشتر ژنی هێناوە و هەمیش جەمیلە پێشتر مێردی کردووە، بەڵام هەردووکیان هاوژینەکانیان گیانیان لەدەستداوە، بۆیە بڕیاریان دا لەگەڵ یەکدی هاوسەرگیری بکەن.
جەمیلە 10 مسقاڵ زێڕی پێشەکی و 10 مسقاڵ پاشەکی لە مارەییەکەیدا هەبووە، بەڵام حاجی سلێمان سێ مسقاڵ زیاتریشی بۆ کردووە.
جەمیلە قادر دەڵێت، "بەخوا چی داوایان کردم گوتم شوو ناکەم، کوڕێکی برازای حاجی گوتی: مامۆژن ئەگەر شوو دەکەی شوو بکە بەم پیاوە رێکوپێکە، ئەگەر نەتکرد ئیتر شوو مەکە، ئیشەکە خوا کردی و ئێستاش خوا کردی لە پەنامە و منیش هامە پەنای ئەو."
کوڕەکانی حاجی سلێمان بە دڵخۆشییەوە پیرۆزبایی لە باوکیان دەکەن، بۆ دووبارە چوونە نێو قەفەسی زێڕین.