لە بەشێکی رێگەی شەقڵاوە - ئاکرێ کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دەکەوێتە کار

رووداو دیجیتاڵ
 
هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە بەشێکی رێگەی شەقڵاوە و ئاکرێ دەکەوێتە کار و خێرایی بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت 100 کیلۆمەتر و بۆ بارهەڵگریش 80 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا. هاتووچۆی سۆرانیش بڵاویکردەوە، لە دوو شوێنی شارەکە کامێرای چاودێری تیژڕۆیی دەخەنە کار.
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بڵاویکردەوە، لە رۆژی 03-02-2024ـەوە کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی شەقڵاوە – قەندیل کە دەکەوێتە نێوان قەزاکانی 'شەقڵاوە و ئاکرێ'وە بەشێوەی تاقیکاری دەکەوێتە کار و کاژێر 12:00ـی شەوی 10ـی ئەم مانگە بە فەرمی سەرپێچی تۆمار دەکات.
 
بەگوێرەی هاتووچۆی هەولێر بۆ شۆفێران، خێرایی رێگەپێدراو بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت 100 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و بۆ بارهەڵگرەکانیش 80 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا.
 
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژی سێشەممە 06ـی ئەم مانگەوە کامێراکانی چاودێریی خێرایی جێگیر بەرامبەر نەخۆشخانەی ئاشتی و بەرامبەر نەخۆشخانەی لەدایکبوون لە شارەکە دەکەونەکار و بۆ ماوەی سێ رۆژ وەکو تاقیکاری دەبن و دواتر بە فەرمی سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن.
 
هاتووچۆی سۆران ئاماژەی بەوە کردووە، لە دوو سایدی دەروازە 80 کیلۆمەتر و لە دووسایدی جوندیانیش 60 کیلۆمەتر خێرایی لە کاژێرێکدا رێگەپێدراوە.
 
لە ساڵی رابردووەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان چەندین کامێرای چاودێریی خێرایی تیژڕۆیی نوێی لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک داناوە کە چەند جۆرێکن، لەوانە تێیاندایە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ تۆمار دەکەن، هەروەها بەشێکیان جێگیرن و خێرایی لە یەک خاڵ تۆمار دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جۆری کامێرا هەن کە گەڕۆکن و پۆلیس و ئەفسەرانی هاتووچۆ هەر جارەو لە رێگەیەکدا دایدەنێن.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە جارێک جەختی کردووەتەوە، دانانی کامێراکان بۆ بەرژەوەندیی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە. هاونیشتمانیانیش نیگەرانن لە بەرزی نرخی سزای سەرپێچییەکان، کە لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 230 هەزار دینار.