هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەی پەروێزخان ئاسایی بووەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی دوێنێ بۆ ماوەیەک هاتووچۆی بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە سنووری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان راگیرا، بەڵام سەرپەرشتیاری دەروازەکە لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت: "دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە".
بەهۆی چەند کێشەیەکەوە کە "دیوی ئێران"ـی دەروازەکەی پێ تۆمەتبار دەکرێت، کاژێر 05:00ـی ئێوارەی دوێنێ هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەی پەروێزخان لە ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی بۆ ماوەی پێنج کاژێر راگیرا.
عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی پەروێزخان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کێشەیەکی بچووک بوو، چارەسەرکرا".
لەبارەی کێشەکەوە شۆفێرێک لە دەروازەکە بە رووداوی گوت: "بەرپرسێک لە دیوی ئێرانەوە رێگریی لە گەڕانەوەی بارهەڵگرەکانی هەرێمی کوردستان کردووە بە پاساوی جیاواز و بیانووگرتن، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی شۆفێرەکان نەتوانن بگەڕێنەوە و هاتووچۆ راگیرا".
بەگوتەی سەرپەرشتیاری دەروازەکە، "ئەمڕۆ هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لەو سنوورەوە ئاساییە".
جگە لە پەروێزخان، دوو دەروازەی دیکەی نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان بە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەبەستنەوە، ئەویش باشماخ لە پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێرە.