هێزی ئاسایشی سووریا چووە نێو قامشلۆ

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی سێشەممە 03-02-2026 نزیک کاژێر 5:00ـی ئێوارە هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا چوونە نێو شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانەوە.

هاونیشتمانییەکی شارەکە بە ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "ئێمە بۆ پاراستنی گەل لێرەین، شەڕمان ناوێ و یەکێتیمان دەوێ."

خانمێکی دیکە پێش قسەکردن بە ڤیڤیانی گوت: "دەمەوێ سەرەتا ماچی تۆ و رووداو بکەم"، ئینجا گوتی: "هیوادارین ئەم جارە هیچ نەبێ، دوو لایەنەکە رێکبکەون و هەمووان ببینە یەک."

گەیشتنی ئاسایش بە قامشلۆ بەشێکە لەو ئاگربەست و رێککەوتنەی لەنێوان هەسەدە و دیمەشق گفتوگۆ و واژۆی لەسەر کراوە.

کاروانەکە لە 15 ئۆتۆمبێل و 100 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان پێکدەهات.
 
 
ئەو هێزانە لە پۆلیس و کارمەندانی ئاسایش پێکدێن، کە بۆ کارکردن لە دامەزراوە مەدەنییەکان، وەک فڕۆکەخانە لەوێ دەبن.

جگە لە قامشلۆ، هێزەکان چوونەتە نێو حەسەکەش. دوێنێ دووشەممە 15 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکانی دیمەشق گەیشتنە حەسەکە.

سیامەند عەفرین، فەرماندەیەکی باڵا لە هێزەکانی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، کە لە هەمان کاتدا بۆ جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی حەسەکەش دەستنیشانکراوە گوتی: "ئەوان [هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا] بۆ ماوەیەک لێرە دەبن، دواتر دەڕۆن."
 
 
چەند سەرچاوەیەکی خۆجێیی تەنانەت باس لەوەش دەکەن، "ئەو هێز ناردنە تەنیا بۆ 15 رۆژە. تاوەکو هەموو دەزگە و دامەزراوەکان بە فەرمی رادەست دەکرێن."
 
لەلایەکی دیکە، مەروان عەلی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆیی حەسەکە [سەر بە حکومەت] رایگەیاند: "هێزەکان لە پێگە و شوێنەکانی خۆیان دەمێننەوە و ناڕۆن."
 
رێککەوتنە چۆنە؟
 
30ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نێوەڕۆکی رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بڵاوکردەوە.
 
هەسەدە رایگەیاند، رێککەوتوون لەسەر راگرتنی شەڕ لەنێوانیان، ئەوەش بەگوێرەی رێککەوتنێکی گشتگیر و لێکتێگەیشتن لەبارەی پڕۆسەی تێکەڵکردنێکی ریزبەندیی هێزە سەربازییەکان و کارگێڕییەکانی هەردوولا.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هێزە سەربازییەکان لە هێڵی بەرەنگاربوونەوەی نێوانیان دەکشێنەوە و هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە شاری حەسەکە و قامشلۆ، هەروەها دەست دەکرێ بە تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە و فیرقەیەکی سەربازی پێکدەهێنرێ کە سێ لیوای لە هەسەدە دەبێت.
 
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، لیوایەکی دیکە بۆ هێزەکانی کۆبانێ پێکدەهێنرێ لە چوارچێوەی فیرقەی سوپا لە سنوورى پارێزگای حەلەب.
 
بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق تایبەتە بە یەکە کارگێڕییەکان، بەشێوەیەک کە دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکرێن و فەرمانبەرانی مەدەنی جێگیر دەکرێن.
 
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، مافی مەدەنی و کولتوورییەکانی گەلی کورد جێبەجێ دەکرێن و گەرەنتیی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان دەکرێ.
 
لە راگەیێنراوەکەی هەسەدەدا باس لەوەش کراوە، ئامانج لەو رێککەوتنە یەکخستنی خاکی سووریا و جێبەجێکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی تەواوەتییە لە ناوچەکە، لە رێگەی بەهێزکردنی هاوکاری لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتەکە.