ئاسایشی هەولێر: ئەو کەسەی 3 ئەندامی خێزانێکی کوشت نەخۆشیی دەروونیی درێژخایەنی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڤیدیۆی ساتی کوشتنی سێ ئەندامی خێزانێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، تۆمەتبار "نەخۆشیی دەروونیی درێژخایەنی هەیە،" هەوڵی داوە بەرەو کەرکووک هەڵبێت، دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانیان بە برینداری دەستگیر کراوە.
رۆژی 25-01-2026 رووداوێکی تاوانی کوشتنی سێ ئەندامی خێزانێک لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر روویدا، ئاسایشی هەولێر دەڵێت، دوای ئاگادارکردنەوەیان دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانیانەوە دەست بە بەدواداچوون کرا و لە ماوەیەکی کورتدا، ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەکەیان ئاشکرا کرد، بەناوی (أ ، أ ، ع)، دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێریش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد.
بەپێی راگەیێندراوی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبارەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی، "بە ئۆتۆمبێلی ماڵی قوربانییەکان بەنیازبووە بەرەو شاری کەرکووک هەڵبێت، بەڵام لەلایەن هێزەکانمانەوە رێگریی لێکرا و دوای رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانمان، بە برینداری دەستگیرمان کرد."