هاوپەیمانی 19: مانگی رابردوو 113 خۆپیشاندان بەبێ تووندوتیژی کران

رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی 19 رایگەیاند، مانگی رابردوو 113 چالاکی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون 98یان یان بۆ پشگیریی لە رۆژئاوای کوردستان بوون و هیچ تووندوتیژییەک رووینەداوە. رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت: "گوتاری خەڵک و سیاسییەکان هاوتەریب بوون لە خۆپیشاندانەکاندا".
 
هاوپەیمانیی 19 کە لەلایەن سەنتەری میترۆوە سەرپەرشتی دەکرێت، ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "مانگی رابردوو، چاودێری 113 چالاكی مەدەنیی ئاشتیخوازانەمان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، كە (86%)ی بۆ پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان و ناڕەزایی دەربڕین بوون بەرامبەر هێرشەكانی سوپای سووریا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و زیانگەیاندن بە دانیشتووانی مەدەنی ئەو ناوچانە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مانگی رابردوو 77 گردبوونەوە، 17 رێپێوان، 16 کۆنگرەی رۆژنامەڤانی، دوو شەقام داخستن و یەک چالاکی مانگرتن کراون.
 
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خۆپیشاندانەکانی مانگی رابردوو لەکاتێکدا بوو گوتاری سیاسیی و خەڵک هاوتەریب بوون، ئەوەش هۆکاری ئەوەبوو هیچ تووندوتیژییەک لە خۆپیشاندانە 100 هەزار کەسییەکانیش روونەدات".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە 47 چالاكی لە سلێمانی، 24 چالاكی لە هەولێر، 9 چالاكی لە دهۆك، 6 چالاكی لە هەڵەبجە، 15 چالاكی لە ئیدارەی راپەرین، 8 چالاكی لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و 4 چالاکی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراون.
 
هاوپەیمانیی 19 لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بە ئامانجی خۆپیشاندانەکان کردووە و رایگەیاندووە، 98 خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان بوون كە (86%)ی کۆ چالاكییەكان بووە، دوو چالاکی بۆ خزمەتگوزاری، یەک چالاکی بۆ مووچە، یەک چالاکی خاوەن پێداویستی تایبەت، یەک چالاکی مافی خوێندکار، یەک چالاکی بۆ سەروەری یاسا، یەک چالاکی بۆ مافی ئاژەڵان و 8 چالاکی دیکەی جیاواز هەبوو.
 
هاوپەیمانییەکە دەڵێت: "لە چاودێریكردنی خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتیخوازانەی سەدان هەزار هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان، ئاڵای كوردستان دیمەنی خۆپیشاندانەكانی داپۆشیبوو نەك ئاڵای حیزبەكان، هیچ رواڵەتێكی تووندوتیژی تێدا نەبوو و هێزی ئەمنی ئەركی پاراستنی چالاكییەكانیان بە سەركەوتوویی بەڕێوەبرد".
 
لە بەشێکی دیکەدا بە وەرگرتنی زانیاری لە چاودێرەکانیان هاوپەیمانییەکە دەڵێت: "چاودێرانمان لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان، هیچ جۆرە دەستدرێژییەكیان بۆ سەر ژنان و كچان تۆمار نەكردووە".
 
رەحمان غەریب گوتی: "بەشداری سەتان هەزار کەس وانەیەک بوو لە باڵابوونی هەستی نیشتمانیی لە هەرێمی کوردستان، کە زۆرجار حوکمڕانانی باڵادەست دەیانگوت هەستی نیشتمانیی نەماوە، بەتایبەت لای گەنجان".
 
‎تۆڕی هاوپەیمانیی 19 لەلایەن كۆمەڵێك رێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤەوە دامەزراوە و خۆیان دەڵێن، داكۆكی لە پرەنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی دیکەی تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكەن و ناوەندی سەرەکییان لە شاری سلێمانییە.