دەستگیرکردنی 'بکەری سەرەکیی هەڵکوتانە سەر نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو' لە سلێمانی راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە کەمتر لە 20 کاژێردا "بکەری سەرەکیی تاوانی هەڵکوتانە سەر نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراویان" دەستگیر کردووە، کە رووداوەکە لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی بووە.
عەقید کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، "دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیێنێت، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە ماوەی کەمتر لە 20 کاژێردا، بکەری سەرەکیی تاوانی هەڵکوتانە سەر نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی گەڕەکی راپەڕینی سلێمانیی دەستگیر کرد، کە بڕێک پارە لە نووسینگەکە دزرابوو؛ هاوکات دەستیش بەسەر چەکی تۆمەتبارەکەدا گیرا."
بە گوتەی گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە بەدواداچوونی هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دا توانرا "هەردوو تۆمەتباری سەرەکی دەستگیر بکرێن و دەست بەسەر بڕە پارە دزراوەکەشدا بگیرێت."
ئێستا هەردوو تۆمەتبار بەپێی ماددەی (443) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیان بەردەوامە.