ژمارەیەکی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کران؛ "سکرتێر و شۆفێرەکان لەنێویاندان"
رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێکی دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار رایگەیاند، ئەمڕۆ 7 کەس لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئازاد کراون، لەنێویاندا ئەفسەری پلە باڵا و سکرتێری لاهوور شێخ جەنگی هەن.
قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چەند کەسێکی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد كران، کە تاوەکو ئێستا 7 کەسن".
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، یەکێک لەوانەی ئەمڕۆ ئازاد کراوە کەریم حاجی عەلی، شۆفێری تایبەتی لاهوور شێخ جەنگی بووە و پلە سەربازییەکەی عەقیدە، یەکێکی دیکەیان عەباس عەبدولقادر حەسەن، ئەویش بەهەمانشێوە شۆفێری لاهوور شێخ جەنگی بووە و پلەی ئەفسەری هەیە.
ئەو پارێزەرەی دۆسیەکە گوتی: "فەرمانی ئازادکردنی هەریەکە لە کاروان موحسین بایز و د. ئەحمەد فاتیح دەرکراوە، کە هەردووکیان سکرتێری لاهوور شێخ جەنگین و دوای رێکارە کارگێڕییەکان ئەوانیش ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن".
تاوەکو ئەمڕۆ لە کاتی جیادا ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کراون، لەنێویاندا 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە ئازاد کران.
12ی مانگی یەکی ئەم ساڵ، بۆ یەکەمجار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی و بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.
شەوی 22ی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازینەبوو خۆی رادەست بکات، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزی چەکداری لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.