یەکێتی داوا دەکات 4 کورسیی پێکهاتەکان بۆ پارێزگای سلێمانی بن
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە سەرەکیترین ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 11 کورسییەکەی پێکهاتەکانە. یەکێتی دەڵێت، دەیانەوێت چوار کورسییان بۆ پارێزگای سلێمانی دابنرین. گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵیش داوا دەکەن تۆماری پێکهاتەکان تایبەت بێ بە خۆیان و تەنیا خۆیان دەنگ بە خۆیان بدەن. پارتیش دەڵێت، ئەوان لەگەڵ داوای پێکهاتەکاندان.
رۆژی شەممە، 4ـی ئاداری 2023، لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەڵوێستی ئێمە روونە و داوامان کردووە لە سنووری پارێزگای سلێمانیش بۆ پێکهاتەکانی سریانی و ئاشووری دوو کورسی و تورکمانەکانی پارێزگاکەش دوو کورسییان بۆ تەرخان بکرێت. هەروەها داوامانکردووە پێکهاتەکان لیستی خۆیان هەبێت و تەنیا خۆیان بتوانن دەنگ بە خۆیان بدەن".
لوقمان وەردی گوتیشی: "دۆخی هەرێمی کوردستان بە تەنیا بە قسەکردن و رێککەوتن لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن چارەسەر ناکرێت، بەڵام دەشکرێت گفتوگۆیەک بێت بۆ قسەکردن لەسەر کۆی کێشەکان و ئێمە وای دەبینین و هیوادارین لای پارتیش هەروا بێت. تاوەکو متمانە بۆ خەڵک نەگەڕێتەوە و ئاسایش بەرقەرار نەکرێ، تەنیا رێککەوتن لەسەر هەڵبژاردن بەس نییە".
هەڵبژاردنی پارتی: لەگەڵ داوای پێکهاتەکانداین
هاوار محەممەد، بەرپرسی یاسایی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە گەشبینین کە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێکدەکەوین؛ وەک نێچیرڤان بارزانی گوتی: هیچ رێگەیەکی دیکەمان نییە جگە لە رێککەوتن. بە هەردوولامانەوە بەرپرسیارییەتیی سەرەکیی خەڵک و هەرێمی کوردستانمان لە ئەستۆدایە".
لەبارەی داواکارییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوار محەممەد گوتی: "ئێمە ناڵێین داوای ئەوان جێبەجێ دەبێ یان ئێمە. ئێمە گوتوومانە با هەموو لایەنە سیاسییەکان یان نەتەوە یەکگرتووەکان و یانیش بە هاوبەشی بچن لەگەڵ پێکهاتەکان گفتوگۆ بکەن؛ پێکهاتەکان هەرچییەکان ویست، ئێمە پشتیوانی ئەوە دەکەین. نامانەوێت دەستوەردان لە داواکانی ئەواندا بکەین".
گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو: پێکهاتەکان تۆمارێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت
شاخەوان رەئووف، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بزووتنەوەکەیان لەگەڵ ئەوەدایە بۆ پێکهاتەکانیش فرەبازنەیی پەیڕەو بکرێت و گوتیشی: "ئێمە و لایەنەکانی دیکەش جگە لە پارتی، داوامان کردووە پێکهاتەکان تۆماری تایبەت بە خۆیان هەبێت و خۆیان دەنگ بە خۆیان بدەن".
هاوکات هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان بۆ فرەبازنەیی یان یەک بازنەیی لەگەڵ خواستی پێکهاتەکاندان و ئەوەی داوایان کردووە ئەوەیە پێکهاتەکان تۆماری دەنگدانی تایبەت بە خۆیان هەبێت.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە پارتی و یەکێتی، لەگەڵ لایەنەکانی دیکە داوایان کردووە دەنگدانی تایبەت نەمێنێت و ئەوانیش لەگەڵ دەنگدەری گشتیدا دەنگ بدەن. گوتیشی: "پارتی و یەکێتی سەردانیشمان بکەن هەر ئەو داوایانەمان دەبێت. پێشتر داوای تۆماری بەغدا و فرەبازنەییمان کردووە و پێمان وایە ئێستا هەموو بەوە رازین".
هەروەها بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە داوای فرە بازنەییمان بۆ پێکهاتەکان کردبوو، بەڵام لەگەڵ یەک بازنەییش کێشەمان نییە. داواکاریی سەرەکی ئێمە بۆ دەنگدانی پێکهاتەکان ئەوەیە لیستی تایبەت بە خۆیان هەبێت و تەنیا خۆیان بتوانن دەنگ بە خۆیان بدەن".
رۆژی 28-02-2023، بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیستمانیی کوردستان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەولێر کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
زانا مەلا خالید رایگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا لەسەر بابەتی بازنەکانی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و شێوازی هەڵبژاردن ناکۆکیمان هەبوو، ئەمڕۆ دوای گفتوگۆکردنی تێر و تەسەل لەسەر زۆربەی هەرە زۆری خاڵەکان رێککەوتین و لێکتێگەیشتنی هاوبەشمان دروستکردووە".
هاوکات لوقمان وەردی رایگەیاند: "لەسەر بابەتەکانی سیستمی چوار بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری و داتاکانی حکومەتی عێراق بۆ دابەشکردنی کوردسییەکان بەسەر بازنەکاندا رێککەوتین".