وڵاتانی جیهان پشتگیری لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی جیهان بەگەرمی پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە دەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەڵبژاردنەکە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان و رەوایەتیی سیستمە دیموکراسییەکەی "زۆر گرنگە".
رۆژی یەکشەممە، 03-03-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فەرمانێکی هەرێمیدا، رۆژی 10-06-2024ـی وەک رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیارکرد.
بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەی وڵاتانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.
هەڵبژاردنێکی ئازاد بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان "زۆر گرنگە"
کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە هەژماری خۆی لە ئێکس پێشوازیی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان کرد و رایگەیاند، "پشتگیریی لە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە دەکەین کە بۆ دیموکراسییەکی تەندروست و داهاتووی هەرێمی کوردستانی عێراق زۆر گرنگە."
تۆماس سەیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە دەکات و دەڵێت: ئێمە چەندین جار داوامان کردووە ئەم هەڵبژاردنە بکرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بتوانن سوود لە مافە دیموکراسییەکانیان وەربگرن.
هاوکات، کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لە وێبسایتی خۆیەوە پێشوازیی لە بڕیارەکە کرد و رایگەیاند، بۆ ئەوەی گەلی کوردستان گوزارشت لە دەنگی بکات و بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستانیش، "هەڵبژاردن زۆر گرنگە."
نەتەوە یەکگرتووەکان: چیدی بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردن دروست نەکرێت
نەتەوە یەکگرتووەکان لەرێگی نێردەکەیەوە بۆ عێراق پێشوازیی لە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.
کڵاودویۆ کۆردۆن، جێگری نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هیوای خواست کە چیدیکە "لەمپەر لە بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەماندا دروستنەکرێت."
گوتیشی، نێردەی هاریکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق "ئامادەیە بۆ بەردەوامیدان بە دابینکردنی پاڵپشتی بۆ هەڵبژاردنی پەلەمانی هەرێمی کوردستان.
هەڵبژاردنی ئازاد بۆ "رەوایەتیی سیستمی سیاسیی هەرێمی کوردستان گرنگە"
کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر بڵاویکردەوە، "پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەکەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە 10ی حوزەیرانی 2024. هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و ئازاد توخمێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان و رەوایەتیی سیستمە سیاسییەکەی."
هاوشێوەی کۆنسوڵخانەکانی دیکە، کۆنسوڵخانەی ئیتاڵیا دوای ئەوەی پێشوازی لە بڕیارەکەی نێچیرڤان بارزانی کرد، رایانگەیاند، "هانی هەموو لایەنەکان دەدەین پرۆسەی هەڵبژاردنێکی پاک، ئازاد و دادپەروەرانە بەڕێوەببەن."
کۆنسوڵخانەی گشتیی هۆڵەنداش لە تۆڕی ئێکس پێشوازیی لە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و رایانگەیاند، "هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە وەک ئۆکسجین وایە بۆ هەر دیموکراسییەتێک."
رێکخستنی هەڵبژاردنێکی "ئازادانە لە بەرژەوەندیی هەموواندایە"
هاوکات، یان برایێم، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر بەناوی کۆنسوڵخانەی فەرەنساوە پێشوازیی لە دیاریکردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2024 لەلایەن سەرۆک نێچیرڤان بارزانییەوە کرد.
دیپلۆماتە فەرەنسییەکە هەروەها نووسی: "رێکخستنی هەڵبژاردنێکی ئازادانە لە بەرژەوەندیی هەموواندایە."
پشتگیریی کەنەدا لە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێگەی باڵیۆزەکەیەوە بوو؛ کاسی بونکا، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس رایگەیاند، "هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە رۆژی 10-06-2024 پشتڕاستکرایەوە. کەنەدا هانی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە دەدات لە عێراق."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، له فهرمانهكهدا پاڵپشت به بڕگهى (دووهم) له ماددهى (دهيهم) له ياساى سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان ژماره (1)ـى ساڵى 2005ـی ههمواركراو، "نێچيرڤان بارزانى بڕيارى داوه به دياريكردنى رۆژى 10-6-2024 به وادهى ئهنجامدانى ههڵبژاردنى گشتى بۆ خولى شهشهمى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان."
نێچیرڤان بارزانی هەروەها لە فەرمانەکەی داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە کە "پابەند بن بە ئهنجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و ههماههنگى لهگهڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنهكان بۆ جێبهجێكردنى ئهم فهرمانه، کە ههر ئهمڕۆ له رۆژى دهرچوونييهوه جێبهجێ دهكرێت."
هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە هاوئاهەنگیی ئێمە بووە".
هەیمان تەحسین گوتی، کاتەکە گونجاوە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێ کێشە لەو کاتەدا هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات.
هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، چونکە بەگوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق کە 21ـی شوباتی 2024 دەریکرد، پەرلەمان لە 111 کورسییەوە کراوە بە 100 کورسی و 11 کورسی پێکهاتەکان بە "نادەستووری" ناسێندران و لابران.
هەر بەگوێرەی دادگەی فیدراڵی، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە چوار بازنە کەمتر نابێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتر دوو جار رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکرد؛ یەکەمجار رۆژی 1-10-2022 بوو، بەڵام نەتواندرا لەو کاتەدا هەڵبژاردن بکرێت و بۆ جاری دووەم 25ـی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریکرا، بەڵام دووبارە نەتواندرا لە کاتی خۆی هەڵبژاردن بکرێت.
رۆژی 3ـی کانوونى دووەمى 2024، کۆمیسیۆن نووسراوى فەرمى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەى بەوە دا، ناتوانێت لە 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
سێ ملیۆن و 789 هەزار و 630 دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا دوو ملیۆن و 787 هەزار و 689 کەس کارتی بایۆمەترییان دەرکردووە و دەتوانن بەشداریی لە دەنگدان بکەن.
رۆژی 30-05-2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی رەتکردەوە، بەوەش نەتوانرا یاساکە هەموار بکرێتەوە و دامەزراوەکان پەکخران، بڕیاردرا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەببرێت، ئەویش دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، بەڵام لەو وادەیەشدا هەڵبژاردنەکە نەکرا.