دوو هەفتە دیاریکرا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەى حکومەتی خۆجێیی کەرکووک


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی لایەنە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی کرد، لە کۆبوونەوەکە بڕیار درا لە دوو هەفتەدا کارنامەیەکی هاوبەش ئامادەبکرێت لەبارەى پێکێھنانى حکومەتى خۆجێیی شارەکە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ى ئاداری 2024، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە بەغدا لەگەڵ نوێنەرى لایەنە براوەکانی کەرکووک کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی شارەکە.     
 
سوودانی راگەیاند، لە کۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنە براوەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، رێککەوتوون گفتوگۆى دوو قۆڵیى نێوان هێزە سیاسییە براوەکان بەردەوامبن لەبارەى تاوتوێکردنى ئەو کارنامانەى پێشکێشیان کردووە بۆئەوەى لە ماوەى دوو هەفتەدا بگەنە یەک کارنامەى هاوبەش.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "سوودانى بە گرنگى زانیوە گفتوگۆى نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەردەوام بێت لە پێناو پاراستنى ئاشتى کۆمەڵایەتى لە کەرکووک."
 
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرى هەرسێ پێکهاتەى کورد، عەرەب و تورکمان، کارنامەى خۆیان رادەستى سەرۆکوەزیران کرد لەبارەى تێڕوانیان بۆ چۆنێتیى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک و هەڵبژاردنى پۆستى پارێزگار و سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا و پۆستەکانى دیکە.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە یەکێک لە لایەنە براوەکانى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕیارە لە ماوەى ئەو دوو هەفتەیەدا سەرۆکوەزیران بە جیا لەگەڵ نوێنەرى ئەو لایەنە سیاسییانە کۆببێتەوە کە لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا براوەبوون و کارنامەکانیان لەگەڵ تاوتوێ بکات بۆ گەیشتن بە ئەنجامى کۆتایی."
 
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، یەکێتى پێنج کورسی بەدەستهێنا و براوەى یەکەم بوو، هاوپەیمانیى عەرەبی سێ کورسی بەدەستهێناوە، هەریەک لە پارتى، بەرەى تورکمانى، هاوپەیمانى قیادە یەکى دوو کورسی-یان بەدەستهێنا، هاوپەیمانیى عرووبە یەک کورسی و بابلیون کورسیى کۆتای ئەنجوومەنەکەى بردەوە.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک 16 کورسییە، دەنگدان بۆ پۆستى پارێزگارى پێویستى بە نۆ کورسییە، هیچ کام لەو سێ پێکهاتەیە بە جیا ئەو ژمارەی کورسیەیان نییە.