تونێلی دەربەندیخان کرایەوە


رووداو دیجیتاڵ 

 

دوای داخستنی بۆ ماوەی 24 کاژێر، تونێلی دەربەندیخان بەڕووی شۆفێراندا کرایەوە.
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان ئەمڕۆ یەکشەممە، سێی ئادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای تەواوبوونی چاکسازییەکان، ئێستا شۆفێران دەتوانن هاتووچۆ بە تونێلەکەدا بکەن."
 
چاکسازی لە سیستمی ئاوەڕۆ و شوێنی باراناوی بەردەم تونێلەکە هۆکاری داخستنەکەی بوو.
 
تونێلی دەربەندیخان لە ساڵی 1954 لەلایەن دوو کۆمپانیای ئیتاڵی و فەرەنسییەوە دروستکراوە و درێژییەکەی نزیکەی 800 مەترە. جگە لە قەزای دەربەندیخان، قەزا و ناحییەکانی ئیدارەی گەرمیان، قەزای خانەقین و ناحیەی گوڵاڵەش بە سلێمانەوە دەبەستێتەوە.