پۆلیسی سلێمانی بکوژی شۆفێری ئەمبوڵانسێک دەستگیر دەکات؛ 'بە زمانی بەڕۆژووەوە کوژراوە'
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا "ئەو کەسەمان دەستگیر کرد کە ئێوارەی دوێنێ لە سەرچنار پیاوێکی کوشت."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کوژراوەکە ناوی جاسم کەریمە، شۆفێری ئەمبوڵانس بووە لە فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، ئەو کەسەیشی تۆمەتبارە بە کوشتنی جاسم ناوی "خ. ئـ"ـە و پوورزا و ژنبرای کوژراوەکەیە.
پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جاسم لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ پوورزاکەی بووە بە شەڕیان و سەرەنجام ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە.
رووداو زانیویەتی، شەوی شەممە 1ی ئازار کێشە کۆمەڵایەتییەکە لەنێوان هەردوولادا چارەسەر کراوە، بەڵام رۆژی یەکشەممە 02-03-2025 دەمەو ئێوارە جاسم بە دەمانچە لەلایەن پوورزاکەیەوە کوژراوە، گولـلەیەک بەر قاچی و گولـلەیەکیش بەر دڵی کەوتووە، بە برینداری براوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
جاسم خاوەنی کچێکی شەش ساڵانە، لە مزگەوتی مەشخەڵان نوێژی عەسری کردووە و دواتر "بە زمانی بەڕۆژووەوە کوژراوە."
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبارەکە هەڵاتووە، بەڵام دوای هەشت کاژێر دۆزیویانەتەوە و دەستگیریان کردووە.