بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە

 

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی کۆیە بە رووداوی رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بە سێ درۆن هێرشكراوەتە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە. زیاتر لە سەرچاوەیەکیش بە رووداوی راگەیاند، لە هێرشەکەدا مووشەکیش بەکارهاتووە. 
 
 
تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ سێشەممە بە سێ درۆن هێرشکراوەتەسەر کەمپی ئازادی لە سنووری قەزاکەمان".
 
کەمپی ئازادی تایبەتە بە کەسوکاری پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. قایمقامی کۆیە گوتی: "بەهۆی هێرشەکەوە یەک کەس بریندار بووە، بەڵام تەندروستی باشە".
 
 
شایەتحاڵێک لە کەمپەکەوە بە رووداوی گوت: "جگە لە سێ درۆن، مووشەکێکیش لە کەمپەکە دراوە و هیچ سیستمێکی ئاسمانی نەیتوانیوە بەر بە هێرشەکە بگرێت".
 
سەرچاوە ئاگادارەکانیش  بە رووداویان گوت، جگە لە درۆن، مووشەکیش بەکارهاتووە. یەکێک لە درۆنەکان بەر نەخۆشخانەی کەمپەکە کەوتووە و کارمەندێکی تەندروستیی نەخۆشخانەکە بریندار بووە.