چیای کۆڕەک دوو جار بە درۆن کرایە ئامانج؛ "تاوەری سەر چیاکە ئامانج بووە"


رووداو دیجیتاڵ

لە دوو رۆژی رابردوودا دوو جار چیای کۆڕەک لە سنووری قەزای سۆران بە درۆن کراوەتە ئامانج. سەرچاوەیەک دەڵێت، ئامانجەکە تاوەرە سەرەکییەکەی سەر چیاکە بووە کە بۆ پەیوەندی و کەشناسی بەکاردێت.
 
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی خەلیفان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ و دوێنێ دوو درۆن لە نزیک تاوەرە گەورەکەی سەر چیای کۆڕەک کەوتوونەتە خوارەوە.
 
سەرچاوەکە گوتی: "پێدەچێت ئامانجی درۆنەکان پێکانی ئەو تاوەرە گەورەیە بووبێت، کە بۆ پەیوەندیی کۆمپانیاکان و بابەتی کەشناسی و چەند کارێکی دیکە سوودی لێوەردەگیرێت." بەڵام دڵنیایی دا هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێنەکەوتووەتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەردوو جار درۆنەکان بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کەوتوونەتە خوارەوە نەک بە تەقەکردن خرابنە خوارەوە. پاشماوەی درۆنەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەو جۆرە درۆنانەن کە لەلایەن ئێرانەوە بەکاردەهێنرێن.