هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران: بە ژیرییەوە بەرەو رووی گۆڕانکارییەکان بچن
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، کە لە پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتوون، لە راگەیێندراوێکدا داوا لە هاونیشتمانیانی ئەو پارچەیەی کوردستان دەکەن، بە "ژیرییەوە" بەرەو رووی گۆڕانکارییەکان بچن.
راگەیێندراوەکە یەکەمین راگەیێندراوی هاوپەیمانییە پێنج حیزبییەکەیە دوای پێکهێنانی لە 22ـی شوباتی 2026، کە شەوی دووشەممە، 2ـی ئادار بڵاوکراوەتەوە.
هاوپەیمانییەکە رایگەیاند، ئەو جەنگەی ئێستا هەیە "ئاکامی دەیان ساڵ سیاسەتی" دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و "ئەو شەڕەی هەیە شەڕی کۆمەڵگەی ئێران و نەتەوەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل نییە و شەڕی دەسەڵاتی ئێرانە و لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا".
پێنج حیزبەکە چەند داوایەکیان بۆ هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، لەوانە داوادەکەن "خەڵکی کوردستان پێ بە پێی رەوتی رووداوەکان پێویستە لەسەر هەست بن و وشیارانە بەرەو رووی پێشهاتەکان ببنەوە و هەڵسوکەوتی سیاسیی خۆیان لەگەڵ داوا و راسپاردەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران رێکبخەن و ئەم هاوئاهەنگی و پەیوەندییە زیندوو و بەرهەمدار بکەن".
هەروەها دەڵێن پێویستە هەموو خەڵکی کوردستان بە ژیری و پێگەیشتووییەوە بەرەو رووی گۆڕانکارییەکان بچن و خۆ لە هەڵەشەیی و تۆڵەسەندنەوەی تاکەکەسی کە زیان بە ئەمنییەت و پاراستنی گشتیی کۆمەڵگە دەگەیێنێ بپارێزن.
هەروەها داوا لە خەلک دەکەن لەپێناو پارێزراوبوونی زیاتردا چەندی دەتوانن لە بنکە و ناوەندە سەربازی و ئەمنییەتییەکانی ئێران دوور بکەونەوە.
هەر لە راگەیێنراوەکەدا داوا لە توێژی بازاڕ و دووکاندار و خاوەن ماڵەکان کراوە زیاتر لە هەرکاتێک ئاگاداری یەکدی؛ بەتایبەت خەڵکی کرێچی، هەژار و بێ نەواو دەڵێن: "بە دەسگرۆیی یەکتر ئەو رۆژە سەخت و دژوارانە تێپەڕینن".
ئەو پێنج لایەنەی هاوپەیمانییەکەیان پێکهێناوە پێکدێن لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، پارتی ئازادی کوردستان (پاک)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.