فلای ئەربیل: گەشتی ئاسمانی لە تورکیاوە بۆ ئەورووپا بۆ هاونیشتمانییان رێکدەخەین
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای فلای ئەربیل دەڵێ، گەشتی ئاسمانی بۆ ئەو کەسانە رێک دەخەن کە دەیانەوێ لە وڵاتانی ئەورووپاوە بگەڕێنەوە کوردستان یان بە پێچەوانەوە. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ گەشتی چوون و هاتن کراوە و هەینیش گەشتێکی دیکە دەکرێت.
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەک تاکە کۆمپانیای عێراقی و کوردستانی توانیومانە رەزامەندی تورکیا وەربگرین بۆ ئەوەی گەشت بۆ ئەو کەسانە رێکبخەین کە دەیانەوێ لە ئەورووپاوە بگەڕێنەوە یان لە کوردستانەوە بچنە ئەورووپا."
لاوەند مەموندی گوتی، "ئەمڕۆ فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی شرنەخی باکووری کوردستانەوە بەرەو دووسڵدۆرفی ئەڵمانیا فڕی و فڕۆکەیەکی دیکەش لە دووسڵدۆرفەوە گەیشتە فڕۆکەخانەی شرنەخ."
هەردوو فڕۆکەکە گەشتیان بۆ زیاتر لە 300 گەشتیار رێکخست کە دەیانویست بچنە ئەورووپا یان لەوێوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی هەینی 6ی ئەم مانگە، گەشتی دیکە لە شرنەخەوە بۆ ئەڵمانیا و بە پێچەوانەشەوە دەکرێت.