وەزارەتی دارایی 120 ملیارەکە بۆ بەغدا دەنێرێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سبەی چوارشەممە، 4ی ئاداری 2026، بڕی 120ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوبات دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.

بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمیی وەزارەتەکە، ئەم بڕە پارەیە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

ئەم رێکارە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پابەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دێت سەبارەت بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە حکومەتی فیدراڵ.

بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانە، وەزارەتی دارایی عێراق ئەو مەرجانەی هەیە: لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوێک لە وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان، 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی.