چوار هێرشی درۆنی کرانە سەر هەولێر و تێکشکێندران


رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو چوار هێرشی درۆنی کرانە سەر شاری هەولێر. پەیامنێری رووداو دەڵێ، کۆنسووڵخانەی ئەمریکا ئامانج بوو و هەموویان تێکشكێندران. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر، نزیک کاژێر 09:00ی ئەمشەو، چوار هێرشی لەسەریەک بە درۆن کرانە سەر هەولێر.
 
وەک پەیامنێری رووداو گوتی، ئامانجی سەرەکی هێرشە درۆنییەکە کۆنسووڵخانەی ئەمریکا بوو، بەڵام هەموویان تێکشکێندران. 
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە چوار رۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان 21 جار هێرشی کراوەتەسەر، کە سەرجەمیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، تەنیا یەک هێرشیان لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە. پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "لە هێرشەکاندا نزیکەی 100 درۆن و مووشەک بەکارهێندراون".
  
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، سیستمێکی "تۆکمەی" بەرگری دانراوە و تەواوی هێرشەکانی پووچەڵ کردوونەتەوە پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکەیان لە زەوی.