دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو: نازانین هێرشەکەی سەر سلێمانی بە درۆن بووە یان مووشەک
رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، لە گەڕەکی بەرانان لە نزیک شاری جوان دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە و خەڵکی نزیک لە شوێنەکە دەڵێن، پێش دەنگی تەقینەوەکە "گوێیان لە دەنگی درۆن بووە."
دووکەڵ و ئاگر لەو شوێنەی گەڕەکی بەرانانی سلێمانی بەرز دەبێتەوە کە کراوەتە ئامانج، بەڵام هێشتا زانیاریی زیاتر لەبارەی رووداوەکە بەردەست نییە، ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانیش دەڵێن، لێکۆڵینەوە دەکەن.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی ئاسایش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نازانین هێرشەکەی سەر سلێمانی درۆن بووە یان مووشەک، ئەو شوێنەی لێی دراوە شوێنی مانەوەی ئەمریکییەکانە."
هاونیشتمانییەک لە نزیک شوێنی رووداوەکە بە رووداوی گوت، "گوێم لە دەنگی درۆنێک بوو، منداڵەکانم گوتیان ئەوە فڕۆکەیە، ویستم بێم بیبینم و تەقییەوە. دەنگەکەی زۆر بەرز بوو."
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە هاووڵاتی شاری سلێمانی دەکات، "لەپێناوی پارێزراوی و سەلامەتیی خۆیان و، رێگەنەگرتن لە تیمە فریاگوزاری و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە هیچ شێوەیەک سەردانی ناوچەی بۆردوومانکراوی گەڕەکی بەرانان نەکەن و، بەدەرەوە نەبن، بۆ کاری زۆر پێویستیش نەبێت ئەو رێگایانە بەکارنەهێنن."
هاونیشتمانییان چەند ڤیدیۆیەکیان بۆ رووداو ناردووە و تێیاندا دەردەکەوێت ئاگر و دووکەڵ لە شوێنەکە بەرزدەبێتەوە، تیمێکی ئاگرکوژێنەوەش چوونەتە شوێنەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی کەوتووەتەوە.
هاونیشتمانییەک ڤیدیۆیەکی بۆ رووداو ناردووە و تێیدا دەڵێت، "هێرشەکە درۆن بوو، بۆنی بارووت دێت."