کچێکی ئاوارەی شنگال بەهۆی پارچە تەنێکەوە بریندار بوو؛ 'سەرچاوەی دیار نییە'
رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ لە کەمپی باجد کەندالا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پارچە تەنێک بەر مللی کچێک دەکەوێت و بریندار دەبێت.
قاسم عەونی، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ پارچە تەنێک کە تاوەکو ئێستا نازانرێت چ جۆرە چەکێکە و لە کوێوە هاتووە، بەر ملی کچێکی تەمەن 17 ساڵی کەوتووە و برینداری کردووە.
بەرێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە زاخۆ گوتی، دۆخی تەندروستیی کچەکە جێگیرە و لە نەخۆشخانەی زاخۆ چارەسەری بۆ کراوە و بڕیارە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک.
بەگوتەی قاسم عەونی، تاوەکو ئێستا سەرچاوە و جۆری پارچەکە تەنەکە دیار نییە و هیچ بۆردوومانێک لە سنوورەکە رووینەداوە. هێزە ئەمنییەکان خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆ دەستکەوتنی سەرەداوی رووداوەکە.
ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر، سەرچاوەیەک لە کەمپەکە بە رووداوی راگەیاند، "بەهۆی کەوتنی چەند پارچە و ساچمەی مووشەکێک بۆ ناو کەمپەکە، کچێک بریندار بووە."