هەرێمی کوردستان پریشکی جەنگی بەرکەوت؛ نزیکەی 100 درۆن و مووشەکی ئاراستەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە چوار رۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، هەرێمی کوردستان 21 جار هێرشی کراوەتەسەر، کە سەرجەمیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوونە، تەنیا یەک هێرشیان لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە. پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "لە هێرشەکاندا نزیکەی 100 درۆن و مووشەک بەکارهێندراون".
بەرەبەیانی 28ـی شوبات بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران خەڵکی جیهان بێدار بوووە، جەنگەکە لە رۆژی چوارەمیدایە و بەردەوامە. ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە لە عێراق، بە پاساوی هەبوونی هێزی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت، چەندین درۆن و مووشەکیان ئاراستەی پارێزگای هەولێر کردووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی تۆڕی میدیایی رووداو، لە چوار رۆژی جەنگدا، لە 28ـی شوبات تاوەکو کاژێر 12:00ـی ئەمڕۆ 3ـی ئادار، زۆرینەی هێرشەکان فڕۆکەخانەی نێودەڵەتیی هەولێریان بە ئامانج گرتووە، کە دەکەوێتە سەنتەری شارەکەوە، پاشان قەزای کۆیە بە پلەی دووەم دێت و قەزای هەریر پلەی سێیەم.
یەکەم رۆژی جەنگ
یەکەم هێرش لە چەند کاژێر دوای جەنگەکە و 28ـی شوبات بە درۆن کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، کە بەشێکی فڕۆکەخانەکە هاوپەیمانان و لەنێویاندا هێزی ئەمریکای تێدان.
لە هێرشە درۆنییەکەی یەکەم رۆژی جەنگەکەدا کە دەنگە بەرزەکەی دانیشتووانی شارەکەی راچڵەکاند، دووکەڵ ئاسمانی شارەکەی گرتەوە و زیاتر لە درۆنێک لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیی ئەمریکاوە، کە لە فڕۆکەخانەکەدا جێگیرکراوە خرایە خوارەوە.
دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ، جارێکی دیکە بە درۆن هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سیستمی بەرگریی فڕۆکەخانەکە هێرشەکانی بێ کاریگەر کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی یەکەمی جەنگەکە شەش جار هێرش کرایە سەر بنکەی ئەمریکا لە هەولێر و 27 درۆن بەکارهێندراوە، کە زۆرینەیان لە ئاسمان خرابوونە خوارەوە.
دووەم رۆژی جەنگ
هێرشەکان لە دووەم رۆژی جەنگەکەدا دژی هەرێمی کوردستان کە ئێران دەڵێت دژی بنکەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە، بەردەوام بوو.
رۆژی 01ـی ئادار، تاوەکو پێش کاژێر 09:00ـی بەیانی چوار جار هێرشکرایە سەر سنووری پارێزگای هەولێر، دوویان دژی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و دووکەی دیکە دژی فڕۆکەخانەی قەزای هەریر بوو لە پارێزگای هەولێر.
شێروان جەلال، قایمقامی هەریر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێرشی یەکەم کاژێر 04:43ی بەیانیی یەکشەممە بووە و هێرشی دووەمیش کاژێر 08:15 بووە".
قایمقامی هەریر گوتی، هێرشەکان کراونەتەسەر فڕۆکەخانەی هەریر بە پاساوی هەبوونی هێزی ئەمریکا، بەڵام "هیچ هێزێکی لێ نییە. بۆردوومانەکەش بێ زیان بووە".
هێرش دژی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەردەوام بوو، لە 1ـی ئادار لە رۆژی دووەمی جەنگدا نزیک کاژێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆ، جارێکی دیکە و پێنجەم هێرش لە هەمان رۆژدا دژی فڕۆکەخانەکە بە دوو درۆن کرا.
هەر لە یەکی ئادار، نزیک کاژێر 10:00ـی شەو، بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی هەولێر، بەڵام هەر سێیان لە ئاسمانەوە لەلایەن بەرگری ئاسمانییەوە تێکشکێندران.
هەمان رۆژ دوو مووشەک ئاراستەی ئاسمانی قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر کران. تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە رووداوی گوت: "هێرشەکە کاژێر 08:10ـی ئێوارەی کرا، هەردوو مووشەکەکە لە ئاسمانی کۆیە تەقێندرانەوە".
ئێوارەی 1ـی ئادار بارەگای فیرقەی 11ی هێزی پێشمەرگە لە نزیک ناحیەی دێگەڵە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە (درۆن) هێرشی کرایەسەر.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەو هێرشەی کراوە "کردەوەیەکی تێکدەرانە" بووە و هەوڵێکە بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخی ناوچەکە و نانەوەی پشێوی.
رۆژی سێیەمی جەنگ
لە رۆژی سێیەمی جەنگەکەدا، هەر لە بەرەبەیاندا دانیشتووانی سەنتەری شاری هەولێر بە دەنگی تەقینەوەی بەرز بەخەبەر هاتن.
2ـی ئادار سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە رێگەی سێ درۆنەوە بنکەی ئەمریکایان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆییانەی بۆ رووداو نێردرابوون، درۆنەکان لە ئاسمان لەلایەن سیستمی بەرگریی هێزەکانی ئەمریکاوە تێکشکێندرابوون.
هەروەها نزیک کاژێر 08:00ـی شەوی رابردوو، جارێکی دیکە بە درۆن هێرشکرایەوە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
رۆژی چوارەمی جەنگ
لە رۆژی چوارەمی جەنگەکەدا، لە بەرەبەیاندا دوو جار بە درۆن هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سیستمی بەرگری ئاسمانی بەرپەرچی هێرشەکەی دایەوە.
هەر ئەمڕۆ نزیک کاژێر 09:00ـی بەیانی، بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر کەمپی ئازادیی کۆیە، کە بۆ کەسوکاری پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران تەرخانکراوە.
تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی: "لە هێرشەکەدا سێ درۆن بەکارهێندراوە و بەهۆیەوە کەسێک برینداربووە و تەندروستی باشە". بەڵام زیاتر لە سەرچاوەیەک بە رووداویان گوت، "جگە لە درۆن، مووشەکیش بەکارهێندراوە".
هەر ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم هێرشکرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە. سەرچاوەیەک لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رووداوی گوت: "هێرشەکە بە ژمارەیەک درۆن بووە و ناوەندی راگەیاندنی کردووەتە ئامانج، بەڵام چونکە پێشتر چۆڵکراوە هیچ زیانێکی نەبووە".
هەروەها نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیک بەحرکەی هەولێر دوو درۆن خرانە خوارەوەوە و دووکەڵێکی گەورەیان لێ بەرز بووەوە.
یەکەم هێرش لە دهۆک
لە چوارەمین رۆژی جەنگەکەدا هێرشەکان سنووری پارێزگای دهۆکیشیان گرتەوە و کەمپێکی ئاوارەکان کرایە ئامانج.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە سەرچاوەیەک لە کەمپی باجی کەنداڵ بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی کەوتنی چەند پارچە و سەچمەی مووشەکێک بۆ ناو کەمپەکە، کچێک بریندار بووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکە بەردەوامە و هێشتا بە فەرمی رانەگەیەندراوە کە ئەو مووشەکانە لە چ ئاراستەیەکەوە هاوێژراون و سەرچاوەکەیان کوێیە.
پارێزگاری هەولێر: تەواوی هێرشەکان تێکشکێندراون
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 90 درۆن و مووشەک ئاراستەی سنووری پارێزگاکەمان کراون".
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، سیستمێکی "تۆکمەی" بەرگری دانراوە و تەواوی هێرشەکانی پووچەڵ کردوونەتەوە پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکەیان لە زەوی.
کێ هێرش دەکاتە سەر هەولێر؟
جگە لە سوپای پاسداران کە بەشێک لە هێرشەکانی سەر پارێزگای هەولێری لە ئەستۆ گرتووە، گرووپێکی چەکداری شیعەش بە ناوی ئەولیا دەم بەشێک لە هێرشەکانی لە ئەستۆ گرتووە.
ئەو گرووپە تاوەکو ئێستا بەرپرسیاریێتی پێنج لەو هێرشانەی لە ئەستۆ گرتووە، کە بە گوتەی خۆیان یەکێک لەو هێرشانەیان بە مووشەکی قارع کردووە.
کاریگەریی هێرشەکان؛ نەمانی کارەبا و وەستانی خوێندن
بێ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە جەنگ، لە یەکەم رۆژی جەنگی ئەو سێ وڵاتەوە، بەهۆی مەترسییەکانەوە ناچارکرا دەوامی قوتابخانە؛ زانکۆ و پەیمانگەکان بە فەرمی رابگرێت.
28ـی شوبات وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی و پاراستنی سەلامەتی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران، تاوەکو 04ـی ئادار لە گشت ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا لە حکومی، ناحکومی، تایبەت و نێودەوڵەتیەکان پشوو دەبێت".
هەمان رۆژی دەستپێکی جەنگەکە، وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان لە هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بڵاویان کردەوە، "بەهۆی جەنگەوە كۆمپانیای دانە گاز هەناردەکردنی گازی سرووشتیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگرت، بە هۆیەوە توانای بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 2500- 3000 مێگاوات كەم دەبێتەوە".
ئەندازیارێک لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەبای نیشتمانی بۆ 1400 مێگاوات کەم بووەتەوە، بەهۆیەوە پێدانی کاژێرەکانی کارەبا بۆ یەک تاوەکو پێنج کاژێر کەمی کردووە".
هەر بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە، دەروازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زۆرینەیان داخراون، ئەوانەشی کراوەن تەنیا رێگە بەو کەسانە دەدەن پاسپۆرتی ئێرانییان پێیە بگەڕێنەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران".
ئێران: بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتان دەکەینە ئامانج
ئەمریکا و ئیسرائیل ئێرانیان کردووەتە ئامانج، ئێرانیش رایگەیاندووە، لەو بنکانەی ئەمریکا دەدات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدان، لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک وڵاتی عەرەبیی و هەرێمی کوردستانیان لە عێراق کردووەتە ئامانج.
چەند جارێک بەرپرسانی ئێرانی بە فەرمی ئەوەیان راگەیاندووە، کە "بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانی عێراق" کراونەتە ئامانج.
ئەمیر سەید ئیراڤانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، شەوی رابردوو بە رووداوی رایگەیاند: "ئێمە هێرش ناکەینە سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو بەرگری لە خۆمان دەکەین. ئێمە ئەو دامەزراوە و بنکە و کەرەستانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەینە ئامانج کە لەو وڵاتانەدان و لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی وڵاتانی میواندارن".
نیگەرانییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیێندرێتە تاران
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دوێنێ شاندێکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر سەردانی کۆنسووڵخانەی ئێرانیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی کۆنسووڵخانەکە کۆبوونەتەوە.
رووداو زانیویەتی، شاندەکەی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بەردەوامیی هێرشەکان دژی هەولێر و دەوروبەری گەیاندووەتە بەرپرسانی ئێرانیی بۆ ئەوەی بیگەیێننە تاران و هێرشەکان دژی هەولێر و هەرێمی کوردستان رابگرن.