لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومانی بنکەکانی پاسداران، ئیتلاعات، پۆلیس و پاسەوانیی سنوور بەردەوامە

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی سێشەممە 03-03-2026 لە چوارەم رۆژی هێرشەکانی ئەمریکا - ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەندین بنکەی سەربازی و ئەمنی هەروەها نەخۆشخانە و شوێنی نیشتەجێبوون لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کران.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستبوونەتەوە، لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان، بنکەکانی سوپای پاسداران، ئەرتەش (سوپا)، فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات (هەواڵگری)، پۆلیس، پاسەوانیی سنوور و ناوەندێکی تەندروستی بە فڕۆکە بۆردوومان کراون یان بە مووشەک کراونەتە ئامانج.
 
پارێزگای ورمێ
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کرا و دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە شارەکە بیسترا.
 
سەرچاوەیەک لە شاری ورمێ بە رووداوی راگەیاند، دەنگی تەقینەوەیەک لە نێو شار بیسترا و دوو تەقینەوەی دیکەش لە دەرەوەی شار بە ئاراستەی جادەی دەریادا بیستراوە، کە بارەگای ئەلمەهدیی سوپای پاسدارانی لێیە.
 
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، کاژێر 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە شەقامی باقرلعلووم لە ناوچەی قاسمییەی شاری ورمێ بۆردوومان کراوە و بەهۆیە کارمەندێکی شارەوانیی ورمێ بەناوی ''میلاد کووهکەلانی'' کوژراوە.
 
تاوەکو ئێستا سەبارەت بە دوو تەقینەوەکەی دیکە و زیانەکانی هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە.
 
هەمان سەرچاوە بە رووداوی رایگەیاند، لە بۆردوومانی رۆژی یەکشەممەی بارەگای هێزەکانی پاسەوانی سنووریی پارێزگای ورمێ لە ناوچەی بەندی سەر بە شارەکە، لانیکەم 16 سەرباز کوژراون، کە زۆربەیان خەڵکی شارەکانی دەورووبەرن.
 
هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، لە نێو شاری مهاباد، باڵەخانەی بنکەی پۆلیس لە گەرەکی شیلان بۆردوومان کراوە. بەهۆی هێرشەکەوە، بنکەکە بە تەواوی خاپوور بووە، بەڵام زیانە گیانییەکان دیار نییە.
 
سەرچاوەیەک لە مهاباد بە رووداوی راگەیاند، هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر "بنکەی بەسیجی محەممەد رەسولەڵڵا" لە تەنیشت مهاباد مۆڵ و بەرامبەری چۆمی مهاباد کراوە و بارەگەکە بە تەواوی خاپوور کراوە.
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد هێزێکی یەکجار زۆری ئەمنی لە ناوچەکەدا بڵاوەی پێکراوە و چاودێری شوێنەکە دەکەن و رێگە نادەن خەڵک نزیک بێتەوە. رۆژی دووشەممەش، باڵەخانەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرایە ئامانج کە بەهۆیەوە بەشی زۆری باڵەخانەکە رووخاوە. 
 
لە شاری نەغەدەش لە هێرشێکدا بۆ سەر پێگەیەکی سوپای پاسداران، شەش پاسدار کوژران.
 
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، کە نزیکە لە سوپای پاسداران، بڵاویکردەوە، سەربازگەی (وەلی عەسر)ی سوپای پاسداران لە نێوشاری نەغەدە دوێنێ هێرش کرابووە سەر و بەهۆیەوە شەش پاسدار بە ناوەکانی مەهدی جاوید، جەعفەر گوڵشەنی، عەلی دەشتی، فەرهاد بەیرامی، میلاد ئەسغەری و رەزا جەلالی کوژران.
 
سنە
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شاری مەریوان لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە چڕی بۆردوومان کراوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە نێو شاری مەریوان، ناوەندی لێپرسینەوەی پۆلیس (ئاگاهی)، فەرماندەیی پۆلیس، فەرماندەیی پاسەوانیی سنوور، باڵەخانەی ئیتڵاعات (هەواڵگری)، بارەگای فەوجی 328ی ئەرتەش، بنکەی 11ی پۆلیس لە نزیک گرتووخانەی شارەکە و چەندین بنکەی دیکەی سەربازی هێرشیان کراوەتە سەر و بۆردوومان کراون.
 
کرماشان

لە پارێزگای کرماشان نەخۆشخانەی سەرەکیی شاری سەرپێل زەهاو هێرشی کراوەتە سەر و زیانێکی زۆری پێگەیشتووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی ئاداری 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگاریی کرماشان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، نەخۆشخانەی شوهەدای شاری سەرپێل زەهاو لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بە مووشەک کراوەتە ئامانج.
 
پارێزگاریی کرماشان دەڵێت، نەخۆشخانەی سەرپێل زەهاو بەهۆی هێرشەکەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و چەندین بەشی نەخۆشخانە وێران بوون.
 
پارێزگای لوڕستان
 
پەیوەندییە گشتییەکانی فەرماندەیی لەشکری 84ـی لوڕستانی سوپای ئێران (ئەرتەش) دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانی سەربازگەیەکیان لە خوڕەمئاوا سێ لە ئەندامەکانیان کوژراون.
 
دوای نیوەڕۆی دووشەممە، سەربازگەی (باباعەباس) سەر بە هێزی پیادەی ئەرتەشی ئێران لە خوڕەمئاوا بۆردوومان کرا، کە شوێنی کۆگەکردنی چەک و تەقەمەنیی لەشکری 84ـی پارێزگای لوڕستانە.
 
شەوی یەکشەممەش قەرارگەی فەرماندەیی لەشکری 84ـی لوڕستان بۆردوومان کرابوو، لەو هێرشەدا پێنج کەس لە هێزەکانی سوپای ئێران (ئەرتەش) کوژرابوون.