نەخۆشخانەی هیوا کێشەی کەمیی بێدی هەیە و تووشبوویەک دەڵێت: لەبەر باران وەستام تاوەکو نۆرەم هات

 
رووداو - سلێمانی

ئومێد 9 ساڵە دایکی تووشی شێرپەنجە بووە، مانگانە سێ جار سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکات، هەندێکجار بەهۆی نەبوونی بێدەوە چارەسەرەکەیان دەکەوێتە رۆژی دواتر؛ هەندێک جار پزیشکەکان پێیان گوتووە، "ببوورە جێگە نییە، چاوەڕێ بکە."
 
ئومێد فەتاح، کەسوکاری نەخۆش دەڵێت، "زۆرجار دێین بۆ نەخۆشخانەی هیوا، بەڵام چارەسەرمان دەکەوێتەوە رۆژی دواتر، ئەوەشی کە رۆژی دواتر دێت یان دەکەوێتە درەنگ یان بە هەمان شێوە دەکەوێتەوە رۆژی دواتر، ئەمەش بەهۆی بچووکی نەخۆشخانەکە و زۆریی نەخۆشەوە دروستبووە."
 
بەردەوام 99%ی بێدەکانی نەخۆشخانەکە بەکاردێن، کە ژمارەیان 200 بێدە؛ هەندێکجار نەخۆش لەسەر کورسیی ئاسایی چارەسەر وردەگرێت.
 
دکتۆر سارا جەمیل، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە ئاماژە بەوە دەکات، "زۆرجار چارەسەر بۆ نەخۆش دەنووسین و دەڵێین، بڕۆنەوە لە ماڵەوە سبەینێ یان دوو سبەی بێنەوە. هەندێکجاریش دەڵێین، کاژێرێک بۆ دوو کاژێر چاوەڕوان بکەن، بەتایبەت بۆ دەرزیی کیمیایی، ئەمە وا دەکات خزمەتگوزاریی پزیشکیمان لاواز ببێت و نەخۆش بەهۆیەوە زۆر ماندوو دەبێت."
 
بەپێی ئامارێکی نەخۆشخانەکە، تووشبووانی شێرپەنجە بەردەوام زیاد دەکەن. 10 ساڵ پێش ئێستا نزیکەی 1200 تووشبوو تۆمار کراون، لە ساڵی 2022 بۆ 3323 تووشبوو بەرزبووەتەوە، واتە بووەتە نزیکەی سێ هێندە.
 
نەرمین محەممەد، تووشبووی شێرپەنجە ئەوە دەخاتەڕوو، "تەمەن درێژ بن، پزیشکەکان زۆر باشن، بەڵام ئەم هەموو خەڵکە لەبەر شێرپەنجە وەستاون و لەم نەخۆشخانەیە کۆبوونەتەوە، ئاوا نابێت، چارەسەرێکی ئەم قەرەباڵخییە بکەن."
 
هاشم محەممەد، کەسوکاری نەخۆش دەڵێت، "نەخۆش لە چاوەڕوانیی چارەسەردا بێتاقەت دەبێت، لە کاتێکدا پێویستە ئەم نەخۆشانە هاوکاری بکرێن و زوو چارەسەر بکرێن." جوان محێدین، تووشبووی شێرپەنجەیە و باس لەوە دەکات، "ئەم بەیانییە قەرەباڵخ بوو، بۆیە لەبەر باران لە دەرەوە وەستام تاوەکو نۆرەم هات."
 
هەر دواکەوتنێک لە چارەسەری شێرپەنجە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دەرئەنجامی چارەسەری نەخۆشییەکە دەبێت. محەمەد عەبدولوەهاب، لێپرسراوی هۆبەی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە سلێمانی دەڵێت، "بەپێی پێوەرەکان، ئەگەر نەخۆشخانەیەکی 400 بێدیمان هەبێت، تاوەکو پێنج ساڵی داهاتوو پێویستمان بە بێدی دیکە نابێت."
 
رۆژانە نزیکەی 750 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکەن، ئەمەش وایکردووە نەخۆشخانەکە پێویستی بە بینایەکی گەورەتر بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆیان دروست نەکراوە.
 
دکتۆر سارا، لە نەخۆشخانەی هیواتە ئاماژە بەوە دەکات، جاری وا هەیە "خۆمان نەخۆشەکان ئیزن دەدەین بەهۆی نەبوونی بێدەوە، ئەمەش وادەکات خزمەتگوزاریی پزیشکی لاواز ببێت، هەرچەندە ئامارەکانی تووشبووان بە شێرپەنجە روو لە زیادبوونە، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆژەیەک نییە بۆ فراوانکردنی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە شێرپەنجە."