لە کەرکووک 20 خانوو بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەشکرا کە منداڵیان هەیە و باوکیان نەماوە
رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک رێکخراوێک 20 خانووی دروست کرد و بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەشی کردن، کە باوکیان نەماوە و منداڵیان هەن. خانووەکان تائەو کاتە بەو خێزانانە دەدرێت، کە منداڵەکان گەورە دەبن و رەوشیان باش دەبێت، دواتر لێیان وەردەگیرێتەوە و دەدرێتە خێزانی دیکە کە دۆخی ئەوانیان هەیە.
یەکێک لەو خێزانانەی خانووەکەیان پێدەدرێت لە سێ کەس پێکدێن، دایکێک و دوو منداڵ. ساڵی 2014 باوکیان لە سنووری حەویجە کەوتە دەستی داعش و کوژرا، ئەوکاتە مەحموود تەمەنی سێ ساڵ و میراچ تەمەنی پێنج ساڵ بوو. لەوکاتەوە دایکیان شانی دایە بەر بەخێوکردنیان و وێڕای خەرجی منداڵەکانی، دابینکردنی کرێی خانوو ئەرکێکی زەحمەتی سەر شانی بوو.
سەعدیەی دایکی مەحموود و میراچ، بە دروستکردنی نان و خزمەتکردنی ماڵان لەنێو خانوویەکی وێرانەدا منداڵەکانی خستە بەر خوێندن، ئێستا میراچ لە پۆلی شەشەمی سەرەتایی و مەحموودیش لە پۆلی چوارەم درێژە بەخوێندن دەدەن.
سەعدیە خەڵەف، دایکی دوو منداڵی بێ باوک دەڵێ "نە مووچە و نە چاودێریی کۆمەڵایەتیم نییە. سوپاس بۆ خوا لەسەر هاوکاریی خەڵکی خێرخواز دەژین. لەو رۆژەوەی باوکیان مردووە ئەوە نۆ ساڵە، هیچ مووچەیەکیان بۆ نەبڕینەوە".
ئەم خێزانەو دەیانی دیکە کە قوربانیی جەنگن، بەدەست کێشەی نیشتەجێبوون و بژێوییەوە دەناڵێنن.
بۆ رزگارکردنی ئەو منداڵانە لەو دۆخەی تێی کەوتوون، رێکخراوی عەتائی مرۆیی 20 خانووی بۆ منداڵانی بێ باوک دروست کرد. لەگەڵ خانووەکەدا، ماڵێکی تەواویان پێشکەش دەکات و مانگانە بڕی 250 هەزار دینار بەهەر خێزانێک دەبەخشێت بۆ خەرجی و بژێوییان.
حاجی قاسم محەممەد، سەرۆکی رێکخراوی عەتائی مرۆیی دەڵێ "ئەم 20 خانووە دەدرێتە بێ باوکەکان، تاوەکو گەورە دەبن، تێیدا دەمێننەوە. کە گەورەبوون و دۆخیان باش بوو، ئەمان دەڕۆن و منداڵی بێ باوکی دیکە دەهێنینە شوێنیان، واتا ئەم پرۆسەیە بۆ منداڵی بێ باوک هەر دەمێنێت".
رووبەری هەریەک لە خانووەکان 100 مەتری دووجایە و لە دوو ژوور و هۆڵێک و چێشتخانەیەک پێکدێت. تێچووی هەر بیست خانووەکە کە دەکەونە گەڕەکی واستی شاری کەرکووک، یەک ملیار و 500 هەزار دینارە. لەپاڵ خانووەکانیشدا مزگەوتێک دروستکراوە و رێکخراوەکە دەیەوێت "منداڵەکان پەروەردەیەکی دروستیان هەبێت، بۆیە هۆڵێکی لەنێو مزگەوتەکە بۆ کردوونەتەوە تاوەکو لەوێ فێری قورئانخوێندن و لەبەرکردن ببن".