خێزانێکی شەش کەسی لە سۆران بە قارچک ژەهراوی بوون و تەندروستییان ناجێگیرە

 
رووداو دیجیتاڵ 

خێزانێکی شەش کەسی لە قەزای سۆران بەهۆی خواردنی قارچکی ژەهراوییەوە گەیێندرانە نەخۆشخانە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش دەڵێت، تەندروستییان ناجێگیرە.
 
رۆژی هەینی 3-4-2026 دکتۆر حەمرین مینە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتیی فێرکاری لە سۆران بە رووداوی راگەیاند، ئەو شەش کەسە ئەندامی یەک خێزانن، دوای خواردنی قارچک (کوارگ) تووشی ژەهراویبوون بوون، دوێنێ شەو کاتێک گەیێندراونەتە نەخۆشخانە، تەندروستییان "ناجێگیر و مەترسیدار" بووە.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی ئاماژەی بەوەش کرد، لە سنووری سۆران و باڵەکایەتی چەندین جۆری قارچک هەن کە بەشێکیان ژەهراوین و خواردنیان دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی تووند و هەندێکجاریش گیانلەدەستدان.
 
ساڵانە لەم وەرزەدا بەهۆی بارانبارین و شێدارییەوە، قارچکێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری سۆران و باڵەکایەتی دەڕوێت، ئەمەش وای کردووە بەشێک لە هاونیشتمانیان بۆ خواردن یان فرۆشتن کۆی بکەنەوە.
 
نەخۆشخانەی ئاشتی هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان، کە بە ئاگاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ قارچکی کێوی بکەن. دەشڵێت، نیشانەکانی ژەهراویبوون بریتین لە: سکئێشە و سکچوون، رشانەوە و ئارەقکردنەوە، هاتنی ئاو لە چاو و دەم. هەروەها سەرئێشە و گەشکە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نەخۆشخانەکە، نیشانەکان لە چەند خولەکێکەوە تاوەکو 24 کاژێر دوای خواردنی قارچکەکە دەردەکەون. داواش لە هاونیشتمانیان دەکرێت لەگەڵ بەدەرکەوتنی هەر نیشانەیەک، بە خێرایی سەردانی نەخۆشخانە بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.