لە 24 کاژێردا 25 هێرش کراوەتە سەر هەولێر و ماڵی دوو هاونیشتمانی سڤیل وێران بوون

رووداو دیجیتاڵ

لەنێو ماڵە وێرانبووەکەیدا دانیشتووە و سەیری پاشماوەی ئەو هێرشانە دەکات کە ماڵەکەیان کردە ئامانج. درۆنەکانی ئێران و گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکانی عێراق، ماڵی "پوورە ستی" تەمەن 77 ساڵیان لە هەولێر پێکاوە. ستی کە تەنیا خۆی لەو ماڵەدا دەژی، بە رێککەوت کاتی رووداوەکە لە ماڵی یەکێک لە کوڕەکانی بووە؛ بەرەبەیانی زوو دراوسێکانی بە تەلەفۆن هەواڵی وێرانبوونی ماڵەکەیان پێگەیاندووە.
 
کاژێر 6ی بەیانی، دانیشتووانی گەڕەکی کارێزانی هەولێر بە دەنگی دوو هێرشی درۆنی رۆژەکەیان دەستپێکرد.
 
ماڵی باوکی "زیاد" ئامانجی دووەمی هێرشە درۆنییەکان بووە. باوکە نەخۆشەکەی، دایکی و خزمەتکارێکیان لە کاتی رووداوەکە لەناو ماڵەکەدا بوون. هەرچەندە هێرشەکان زیانی مادیی زۆریان لێکەوتەوە و خانووەکانیان وێران کرد، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، لە 35ـەمین رۆژی گرژییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 600 هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆردومان کراوە. تەنیا لە 24 کاژێری رابردووشدا، هەولێر بەرەوڕووی 25 هێرشی درۆنی بووەتەوە.