لە هەولێر کچێک لەلایەن براکەیەوە کوژرا

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری هەولێر کچێک بە چەک لەلایەن براکەیەوە کوژرا. پۆلیس رایگەیاند، دەستبەجێ تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە.

ئەفسەرێکی باڵای پۆلیس لە شوێنی رووداوەکەوە لە گەڕەکی تەیراوەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای رووداوەکە دەستبەجێ هاتینە ئێرە، دوای بە دواداچوونی هێزەکانمان لە ماوەیەکی کورتدا تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا، کە برای کچەکە خۆیەتی".
 
دوای رووداوەکە شایەتحاڵێک بە پەیامنێری رووداوی گوت، بکوژەکە زیاتر لە 10 گولـلەی بە خوشکەکەیەوە ناوە.
 
پۆلیسی هەولێر لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند، "کچەکە ناوی (ن، ٲ، ع) لەلایەن براکەیەوە بە ناوی (ع، ٲ، ع) لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کوژراوە".
 
تۆمەتبارەکە بە گوێرەی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی زیندانی کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.