مەسرور بارزانی: سری سورەییا خەباتکارێکی ناسراوی پرۆسەی ئاشتی بوو لە تورکیا

رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوڕێیانی دەکات و دەڵێت، " دۆستی دێرینی گەلی کورد و خەباتکارێکی ناسراوی پرۆسەی ئاشتی بوو لە تورکیا."
 
ئەمڕۆ شەممە، 03-05-2025، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی کە هاوکات شاندی دەم پارتی بوو بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی، کۆچی دوایی کرد.
 
سری سورەییا ئۆندەر، شەوی سێشەممە 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو و رەوانەی نەخۆشخانەی کرا. دوای 18 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ لە تەمەنی 62 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی  هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بۆ کۆچی دوایی سیاسەتڤانی ناسراو و پەرلەمانتاری دیاری دەم پارتی و بريكاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (سری سورەییا ئۆندەر)، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و دۆست و هەڤاڵەکانی دەکەم و هاوخەمیانم.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، سری سورەییا ئۆندەر، دۆستی دێرینی گەلی کورد و خەباتکارێکی ناسراوی پرۆسەی ئاشتی بوو لە تورکیا و ڕۆڵيکی کارا و لەبیرنەکراوی لە بەهێزکردنی برایەتی و تەبایی نێوان هەردوو گەلی کورد و تورک گێڕا. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەموولایەک ببەخشێت."
 
دەم پارتی دەڵێت، رۆژی یەکشەممە، چواری ئایاری 2025، تەرمی سری سورەییا لە ئیستەنبووڵ لە گۆڕستانی زنجیرلی کویوو، بەخاک دەسپێردرێت.