بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت، مانگی رابردوو 16 بوومەلەرزە لە باشووری کوردستان روویانداوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت، مانگی رابردوو 60 بوومەلەرزەیان تۆمارکردوون کە 16یان لە باشووری کوردستان بوون.
 
ئەمڕۆ شەممە 3ـی ئایاری 2025، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مانگی رابردوو 60 بوومەلەرزەیان تۆمارکردوون کە 16یان لە باشووری کوردستان روویانداوە.
 
عامر جابری گوتی، هەر لەو مانگەدا 27 بوومەلەرزە لە نزیک سنووری عێراق و هەرێمی کوردستان لەنێو خاکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، 11 بوومەلەرزە لەنێو خاکی تورکیا و باکووری کوردستان، 4 بوومەلەرزە لە کوێت و 2ی دیکە لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان روویانداوە و لەلایەن دەستەکەیانەوە تۆمارکراون.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق باس لەوە دەکات، گوڕی بوومەلەرزەکان لەنێوان 1 و 4.1 بووە و زیانی گیانییان نەبووە.
 
عامر جابری رایگەیاند، 6 بوومەلەرزەیان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 3 بوومەلەرزەیان لە پارێزگای دهۆک، 2 بوومەلەرزەیان لە پارێزگای هەولێر، 3 دانەیان لە پارێزگای کەرکووک و 2ەکەی دیکە لە خانەقین لە پارێزگای دیالە بوون.
 
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق لە مانگی ئاداردا 74 بوومەلەرزەی تۆمارکرد کە 46یان لە باشووری کوردستان و عێراق روویاندابوو و گوڕەکانیان لەنێوان 1 و 5.1پلەی رێختەر ببوو.