ئاوەدانکردنەوەی عێراق: 30%ـی کارەکانی پڕۆژەی ئاوی گوڵاڵە تەواو بووە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایدەگەیێنێت، کارەکانی پڕۆژەی ئاوی ناوەندیی گوڵاڵە لە پارێزگای دیالە بە خێرایی بەڕێوەدەچن و رێژەی جێبەجێکردنی گەیشتووەتە 30%؛ پڕۆژەکەش ئاوی خواردنەوە بۆ 250 هەزار کەس دابین دەکات.
 
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "کارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ناوەندیی گوڵاڵە (جەلەولا) لە پارێزگای دیالە، لە ژێر سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو بەردەوامن و هەنگاوی باشیان بڕیوە."
 
بە گوتەی نەبیل سەفار، پڕۆژەکە توانایەکی زۆری هەیە و بە سیستمی 3,000 مەتر سێجا لە کاژێرێکدا کار دەکات. درێژیی هێڵەکانی گواستنەوەی ئاو تێیدا زیاتر لە 77 کیلۆمەترە، ئەوەش وادەکات پڕۆژەکە بتوانێت ئاوی خواردنەوەی پاک بگەیێنێتە نزیکەی 250 هەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە و دەوروبەری.
 
سەبارەت بە ئاستی بەرەوپێشچوونی کارەکان، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند: "رێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە گەیشتووەتە 30٪، بەوەش لە پلانی کاتی دیاریکراوی خۆی پێشکەوتووە و کارەکانی بە خێراییەکی زیاتر بەڕێوەدەچن."
 
پڕۆژەی ئاوی گوڵاڵە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچە دابڕێنراوەکانی پارێزگای دیالە، کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوییە لەو سنوورەدا.